منداڵان هەندێ خۆراکیان پێ ناکەوێ و تووشی هەستیاری دەبن

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

هەستیاری و پێنەکەوتنی خۆراک بریتییە لە کاردانەوەی سیستەمی بەرگری بەرامبەر هەندێک خۆراک کە ڕاستەوخۆ دوای خواردنی ئەو خۆراکە ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک وەک خورانی ناو دەم و پێست، سەختیی هەناسەدان، ئاوسانی لێو و زمان و دەموچاو هەروەها ئازاری سک و سکچوون و ڕشانەوە.

د. خالید حه‌مه‌ساڵح پسپۆڕی بواری نه‌خۆشییه‌کانی منداڵان ئاماژە بەوە دەدات كە هەستیاریی خۆراک کاریگەری لەسەر نزیکەی سەدا ٨ـی منداڵانی خوار تەمەنی 5 ساڵان هەیە و، زیاتر تووشی تازە لەدایکبووان و منداڵانی تەمەن یەک ساڵان دەبن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێنەگەیشتنی تەواوی ڕیخۆڵە لە مانگەکانی یەکەمی دوای لەدایکبوون، کە وا دەکات ڕیخۆڵە بڕێکی زۆر لە پێکهاتەی هەستیاریی خۆراک هەڵبمژێت، ئەمەش هاندەری بەرهەمهێنانی دژەتەنی هەستیاری لە جۆری (ئی و ئای) دەدات، کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری. د. خالید حه‌مه‌ساڵح ڕوونیشی دەكاتەوە كە سەدا 80ـی ئەو منداڵانەی هەستیارییان هەیە بە شیر، سۆیا، یان هێلکە لە تەمەنی سێ ساڵاندا چاک دەبنەوە، بەڵام هەستیاری بە عەلی بابا و گوێز و ماسی بە گشتی هەمیشەیی دەبێت و زۆر بەدەگمەن منداڵەکە چاک دەبێتەوە. د. خالید حه‌مه‌ساڵح دەشڵێت: هەر خۆراکێک دەتوانێت ببێتە هۆی هەستیاری لە منداڵاندا، بەڵام هەندێک خۆراک هەن کە بەرپرسن لە زۆربەی حاڵەتەکانی هەستیاریی خۆراکدا باوترین ئەو خۆراکانەی کە دەبنە هۆی هەستیاری بریتین لە:
١. هێلکە: هێلکە یەکێکە لەو خۆراکانەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەستیاری لە منداڵ یان گەورەدا. زۆربەی خەڵک حەساسیەتیان بەو پرۆتینە هەیە کە لە سپێنەی هێلکەدا هەیە؛
٢. شیری مانگا.
٣. گەنم: هەستیاری بە گەنم یان گلوتین، زۆر کەس هەیەتی؛ کێشەیەکی بێزارکەرە چونکە وا لە تووشبووەکە دەکات دوور بکەوێتەوە لە خواردنی هەر جۆرە خۆراکێک کە ئەم مادەیەی تێدایە، وەک: مەعکەرۆنی، پسکیت و، زۆربەی جۆرەکانی نان.
٤. بادامەزەمینە (عەلیبابا): یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی نیشانەکانی هەستیاری (لەپارکردن؛ ئاڵۆش)ـی توند، وەک: ئازاری سک، سکچوون، هێڵنجدان و، ڕشانەوە و، هەروەها خورانی پێست و هەناسەتەنگی؛ بادامەزەمینە یاخود عەلیبابا ڕوەکێکە سەر بە پاقلەمەنیەکان؛ شوێنی ڕەسەنی ئەم ڕووەکە ئەمریکای باشوورە بە تایبەت وڵاتی بەرازیل؛ درێژیەکەی 3 بۆ 5.5 سم کە لە ناوک پێک ھاتووە؛ بادامەزەمینە دەچێتە زۆر پیشەسازییەوە و بەتایبەتیش کەرە و رۆنی لێ دەگیرێت.
٥. سۆیا.
٦. خواردنی دەریایی: ئەگەری تووشبوون بە هەستیاری زیاد دەکات بۆ هەندێک جۆری ماسی بەتایبەتی، وەک: سەلەمون و، تۆنە.
٧. کونجی.
لە بارەی هۆکارەکانی مەترسی د. خالید حه‌مه‌ساڵح ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات:
* مێژووی خێزانیی تووشبوون بە هەستیاریی خۆراک، ئەکزیما یان ڕەبو.
* حاڵەتەکانی تری هەستیاری؛ ئەگەر پێشتر منداڵەکە هەستیاریی بە خۆراکێکی دیکە هەبوو، ئەوە ڕەنگە مەترسی زیاتری لەسەر بێت کە هەستیاری بۆ خۆراکێکی دیکە دروست بێت.
* تەمەن؛ هەستیاریی خۆراک زیاتر تووشی منداڵی ساوا و کۆرپە. لەگەڵ گەشەکردنی منداڵان، سیستەمی هەرسیان پێدەگات و جەستەیان کەمتر ئەو خۆراکانە یان پێکهاتە خۆراکیانە هەڵدەمژێت کە دەبێتە هۆی ئەم کاردانەوەی هەستیاری.
* ڕەبو؛ نەخۆشی ڕەبو لە منداڵدا ئەگەری تووشبوون بە هەستیاریی خۆراک زیاد دەکات.
دەربارەی بەرگیری و خۆپاراستن لە هەستیاریی خۆراک، د. خالید حه‌مه‌ساڵح دەڵێت گرنگترین شێوازەکانی خۆپاراستن بریتین لە:
* شیرپێدانی سروشتی بۆ ماوەیەکی زۆر.
* دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەبنە هۆی هەستیاری.
* ڕاوێژ بە پزیشکی منداڵان بکە سەبارەت بە ئەگەری نووسینی دەرمانی ئەپینفرین کە پێویستە خێزانی منداڵەکە پێیان بێت لە حاڵەتی فریاگوزاریدا.