ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
منداڵبوون ئەزموونێکی نایاب و ناوازەیە بۆ هەر دایکێک کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هاتنی کۆرپە نوێیەکەی دەکات. لێرەدا حەوت ئامۆژگاری بۆ نەهێشتنی ئازاری درز دوای منداڵبوونی سروشتی یان قەستەرە دەخەینە ڕوو:
١- پاکوخاوێنی کەسی:
گرنگی بە پاکوخاوێنی کەسی بدە، چوونکە خوێنبەربوونی زێ (خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون) بۆ ماوەی دوو بۆ شەش هەفتە دوای منداڵبوون بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر منداڵبوون لە ڕێگەی زێیەوە بووبێت و برینێکی زێت هەبوو.
٢- پشوودان:
پێویستە تا دەتوانیت پشوو بدەیت، وە باشتر وایە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستت پێیانە بۆ خۆت یان کۆرپەکەت لە نزیکەوە بهێڵیتەوە. لە دوو هەفتەی یەکەمدا نابێت هیچ شتێکی قوورستر لە کۆرپەکەت هەڵبگریت بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی چاکبوونەوەی برینەکە.
3- خۆراکی هاوسەنگ:
دڵنیابە لە خواردنی خۆراکی تەندروست کە دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییە سوودبەخشەکان، وەک سەوزە و میوە، لەگەڵ گۆشتی سپی، وەک: (پەلەوەر، ماسی) و گۆشتی سووری کەم چەوری.
لەبیرت نەچێت خواردنەوە گەرمەکان بخۆیتەوە، لەگەڵ خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەبزی.
٤- كەمادەی سارد
دڵنیابە لە دانانی پاڵەپەستۆی سارد بۆ شوێنی برینەکە بە كەمادەی سارد، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازار بە شێوەیەکی بەرچاو، بەتایبەتی لەگەڵ برینەکانی سکت کە لە ئەنجامی نەشتەرگەری قەستەرە دروست دەبن.
٥- لەبەرکردنی جلی گەورە و فش کە فشار لەسەر برینەکە دروست نەکات پێویستە وریا بیت فشار نەخەیتە سەر برینی لەدایکبوون، هەروەها دڵنیابە لە لەبەرکردنی جل و بەرگی لۆكەی شل بۆ ئەوەی بەر برینەکە گرفتت بۆ دروست نەكات و هیچ ئازارێكت نەدا.
٦- دانیشتن لە ئاوی گەرمدا:
بانیۆیەک پڕ بکە لە ئاوی گەرم و کەمێک تەعقیمکەر بۆ تەعقیمکردنی ئاوەکە و تەعقیمکردنی برینەکە، و بۆ ماوەی ٢٠-٣٠ خوولەک تێیدا دابنیشە.
٧- ڕێنمایی پزیشک:
ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت جێبەجێ بکە و بە بەردەوامی پابەندبە بەكاتەكانی خواردنی دەرمانەكانت بەتایبەتی دەرمانی دژە زیندەیی و دژە هەوکردن، بۆ خێرا چاکبوونەوەی برینەکان.
هەموو ئەو ئامۆژگارییانەی سەرەوە تەنها هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری برینەكە لە کاتی منداڵبوونی سرووشتی و قەستەرە. دڵنیابە، درزەکان بە شێوەیەکی سرووشتی چاک دەبنەوە لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتە دوای منداڵبوون. ئەگەر ئەمە ڕووینەدا و بەردەوام هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت، دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.