بۆچی منداڵی ساوا لەکاتی خەوتندا زەردەخەنە دەکات؟

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

هەموو دایکان بە درێژایی کاتژمێرەکانی بەئاگابوونیان منداڵە بچووکەکانیان دەبینن کە زەردەخەنەیان بۆ دەکەن، بەڵام ئایا تا ئێستا سەرنجت داوە منداڵەکەت لە کاتی خەوتندا زەردەخەنە دەکات؟ دەبێ ئەم دیمەنە نائاساییەتان بینیبێت، بەتایبەتی کاتێک بۆ یەکەمجار خەوی لێکەوتووە، پرسیار بە مێشكتا دێت بۆچی منداڵە ساواكە زەردەخەنە دەكات؟ ئایا منداڵە بچووکەکەم خەون دەبینێت؟ ئایا فریشتەکان دەبینێت؟ بە گوتەی باوانمان فریشتەکان ماچی کۆرپەکان دەکەن یانیش دەیانبینن.

بۆچی منداڵی ساوا لەکاتی خەوتندا زەردەخەنە دەکات؟
لە سەرەتادا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیری زانستی نییە کە وەڵامێکی ڕوون و ورد بۆ ئەم پرسیارە بداتەوە، بۆیە ئەستەمە بە بەڵگە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە. بەڵام هەندێک بۆچوون هەیە کە پێکەنین یان زەردەخەنەی منداڵان لە کاتی خەوتندا ڕوون دەکەنەوە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە بریتین لە:
*کۆرپەکەت بە چەند قۆناغێکی خەودا تێدەپەڕێت تا دەگاتە خەوی قووڵ. بەڵام لە کاتی خەوی قوڵ لەوانەیە تووشی هەندێک گۆڕانکاری فیزیۆلۆژی بکات کە دەبێتە هۆی هەندێک کاردانەوە، کە لەوانەیە شێوەی زەردەخەنە لە کاتی خەوتندا هەبێت.
* منداڵەکەت بە درێژایی کاتژمێرەکانی بەئاگابوونەوە بەر دەنگ و دیمەنێکی زۆر دەبێت. مێشکی گەشەسەندوویان هەوڵدەدات ئەم دۆخ و زانیارییە ڕۆژانەیە تۆمار بکات کە دەتوانن لە کاتی خەوتندا پرۆسێسیان بکەن. بۆیە پێکەنین و زەردەخەنە لە کاتی خەوتندا دەکرێت وەک بەشێک لە گەشەکردنی سۆزدارییان لێکبدرێتەوە.

* هۆکاری پزیشکی تریش هەن کە دەگمەنن، وەکو تەشەنوجەکانی کۆرپە. بەڵام هەندێک نیشانەی لەگەڵدایە وەک دابەزینی کێش یان کێشەی خەوتن، ئەمانەش دەبنە هۆی توڕەبوون یان پێکەنین زۆرجار بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار. لەم حاڵەتەدا پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت.

منداڵەکەت چ جۆرە پەیامێك لە زەردەخەنەی دەنێرێت؟
1- زەردەخەنەی کۆمەڵایەتی:
کۆرپە کاتێک تەمەنی لە نێوان ٣ بۆ ٤ مانگدایە ئەم زەردەخەنەیە دروست دەبێت. ئاماژەیە بۆ وەڵامدانەوە و سەرنجدان بە دایکیان و ئاماژەکانی. کۆرپە لە ساڵانی یەکەمدا بە چەندین گۆڕانکاری سۆزداریدا تێدەپەڕێت، زیاتر وەڵامدەرەوە و کارلێککەر دەبێت لەگەڵ کەسانی دیکە.
ئەم زەردەخەنەیە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی تواناکانی پەیوەندیکردنی منداڵەکەت و دەربڕینی سۆزێكی گەرمی بە مەبەست بەرامبەر بە کەسانی دیکە. لەم قۆناغەدا دەتوانیت کارلێکەکانت لەگەڵ منداڵە بچووکەکەت زیاد بکەیت لە ڕێگەی ئامێزگرتن و لەكۆشدانان، یان تەنها قسەکردن لەگەڵیدا بۆ ئەوەی زیاتر لە زەردەخەنە دڵڕفێنەکانی بەدەست بهێنیت.
2- زەردەخەنەی ڕەنگدانەوەیی:
هەندێک جار لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەیت کە منداڵەکەت لە چەند ڕۆژی یەکەمی دوای لەدایکبوونیدا لە کاتی خەوتندا زەردەخەنەیەکی زوو بکات.
زەردەخەنە ڕەفتارییەکان کە لە کاتی خەوتندا ڕوودەدات، ئاماژەیەکی زگماکییە و هیچ مانایەکی سۆزداری دەرنابڕێت، بەڵام بەزۆری ڕێگەیەکی سروشتییە بۆ ئەوەی منداڵ دەست بکات بە ڕاهێنانی کارامەیی جۆراوجۆر.

3- زەردەخەنەی وەڵامدانەوە:
ئەم جۆرە کارلێککردنە بەزۆری لە دەوروبەری تەمەنی دوو مانگاندا ڕوو دەدات. کاتێک کۆرپەکەت لە کاتی خەوتندا زەردەخەنە دەکات، زۆرجار وەڵامی خۆی بۆ ئەزموونە هەستیارەکان دەردەبڕێت، یان ئەو شتانەی کە بە چێژی دەزانێت، وەک بیستنی دەنگێکی ئاشنا و ئارامکەرەوە.

لە لایەکی ترەوە دەتوانێت بەردەوام بیت لە خوێندنەوەی بابەتەکە بۆ ئەوەی بزانیت ئەو هۆکارانەی کە منداڵەکەت لە کاتی خەوتندا دەترسێت و بگریێت.
لە کۆتاییدا ئەوە بزانە کە زەردەخەنەی کۆرپە تەنها دیمەنێکی نایاب نییە بۆ سەیرکردن کە دڵخۆشیت بۆ دەهێنێت، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی منداڵەکەت لە ڕووی سۆزداری و جەستەییەوە بە شێوەیەکی تەندروست گەشە دەکات.