ماكوان عيززهت-هەولێر
زۆرێک لە دەرمانەکان ئەگەری هەیە وەکو کاریگەریی لاوەکی تووشی سکچوونمان بکات.
د. زانیار ئاغال پسپۆڕی هەناو دەربارەی سکچوون بە هۆی دەرمانەوە ڕوونی دەكاتەوە كە زۆرێک لە دەرمانەکان ئەگەری هەیە كەسەكە تووشی سكچوون بكات، بەڵام لە هەموویان گرنگتر ئەو سکچوونەیە کە بە هۆی دەرمانە دژەزیندەگییەکان (ئەنتیبایۆتیکەکان) دروست دەبێت.
د. زانیار ئاغال دەشڵت: هەندێک لە ئەنتیبایۆتیکەکان سکچوونێکی ئاسایی دروست دەکەن کە نابێتە مایەی مەترسی بۆ نەخۆشەکە، بڵام هەندێک جار مەترسیدارە.
کێ مەترسیی لەسەرە و بۆ؟
هەندیك نەخۆش لە پاش پێدانی ئەنتیبایۆتیکەکان ئەو بەکتریا نیشتەجێیانەی ناو سکی خۆی کە بێزیانە وای لێ دێت ببن بە زیانۆک.
لە ئەنجامی ئەمە، هاوشانی سکچوون، تووشی هەوکردنێکی خراپی ناو ڕیخۆڵەش دەبن (وێنەکەم داناوە).
د. زانیار ئاغال ئامۆژگاریی خەڵك دەكات كە:
*هەرگیز لە خۆتەوە دەرمانی دژەمیکرۆب (دژەئیلتیهاب) بەکار مەهێنە بەبێ ڕێنمایی پزیشک.
*هەر کات تووشی سکچوون بوویت بەو دەرمانانە، هەواڵ بدەرەوە بە پزیشکەکەت یان سەردانی پزیشک بکە.
*دەست بکە بە شلەمەنی خواردنەوە و ڕاگرتنی ئەو دژەبەکتریایەی گومانت لێ هەیە هەتا لە زووترین کات پزیشک دەبینیت.