ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند دوای بوونی دوو حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنەچۆڕە لەسنوری پارێزگای دهۆک.
لە ڕاگەیاندنەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە كە دوای هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو. بەداخەوە حالەتێکیان دوای دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان وەکو دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا. بەمەش دووەم حاڵەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا ئەویش هاوڵاتیەکی (شیلادزێ) یە لە قەزای ئامێدییە، تەمەنی (٤٥) ساڵانە و پیشەی بنەوانی (ئافرەتی ماڵەوە) و خاوەن و بەرکەوتەی ئاژەڵن.
دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری دهۆک بە هۆی بوونی نیشانەکانی خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری چارەسەری پزیشکی، بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی بەداخەوە وەکو یەکەمین حالەتی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا.
وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیێنراوەكەیدا داوا لە هاووڵاتیان دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی هەبوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
یان هاووڵاتیانی بەرکەوتەی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
تای خوێنەچۆڕە چیە؟
نەخۆشیەكی ڤایرۆسیی هاوبەشی مەترسیدارە بە هۆی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ (مرۆڤ و ئاژەڵ وەك مانگا و مەڕ و بزن و سەگ). ئەم ڤایرۆسە لە خانەخوێی وەك گەنە ، مێشولە، شەمشەمە كوێرە، قرتێنەرەكان.ئەم نەخۆشیە لە عێڕاقدا بوونی هەیە و ساڵانە چەندین حاڵەتی لێ تۆمار دەكرێت . ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە زۆر بەرزە و دەگاتە 50 %.مەترسی ئەم نەخۆشیە لەوەدایە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە
نیشانەكان :
• تا
• شەكەتی و بێهێزی
• گێژخواردن.
• ئازاری ماسوولكەكان یان ئێسك یان جومگەكان
• هێلنج و ڕشانەوە
• سكچوون
نیشانە مەترسیدارەكان :
لەوانەیە نیشانەكان لە ماوەی 2 – 21 ڕۆژ دەربكەون بەپێی جۆری ڤایرۆسەكە.
• خوێنەچۆڕەی ژێر پێست یان ئۆرگانە ناوخۆییەكان یان لە چاو، دەم و گوێكان.
• ناڕێكی لە كاری كۆئەندامی دەمار.
• لەهۆشخۆچوون.
• وڕێنەكردن.
• پەككەوتنی گورچیلە.
• پەككەوتنی جگەر.
هۆكاری تووشبوون بەم نەخۆشییە
لە ڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو ئاژەڵ و مێشوولانەی تووش بوو بەم ڤایرۆسە وەك مێشوولە، گەنە،قرتێنەرەكان و شەمشەمە كوێرە.
هەندێك جۆر لە تای خوێنەچۆڕە دەگوازرێتەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.
شێوازی گواستنەوە:
لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولە و گەنە بە مرۆڤەوە ، یان لەڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ شلە و دەردراوی كەسی تووش بوو وەك خوێن ، لیك، تۆوی پیاو. هەندێك جاریش لە ڕێگەی بۆن كردنی پاشەڕۆ یان میزی مشكی تووش بوو.
لەكاتی گەشت كردن بۆ ناوچەیەك كە ئەم نەخۆشیەی تێدا باوە، لەوانەیە تووشی تای خوێنەچۆڕە ببیت بەڵام لە كاتی گەڕانەوەت لە گەشتەكەت نیشانەكانت لێدەركەوێت.
فاكتەرەكانی مەترسی
• كار كردن لەگەڵ كەسانی تووشبوو.
• سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی تووشبوو.
• بەكارهێنانی سرنجی كەسانی تر لە ڕێگەی بۆڕیەكانی خوێنەوە
• سەرجێیی بەبێ بەكارهێنانی كۆندۆم.
• كاركردن لەو شوێنانەی كە قرتێنەری تێدا هەیە.
• بەركەوتنە بەر خوێنی یان شلەی كەسێكی تووشبوو.
ماكەكان:
• شۆك بە هۆی هەوكردنی خوێن.
• پەككەوتنی چەند ئۆرگانێك.
• گیان لەدەستدان.
خۆپاراستن لەم نەخۆشینە:
1- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە نەخۆشیەكەی تێدا بڵاو بوەتەوە.
2- بەكارهێنانی كەرەستەی خۆپارێزی كەسی وەك دەسكێش، زرێی دەموچاو
3- كڕینی گۆشت لە شوێنی باوەڕپێكراو.
4- كوڵاندنی گۆشت بۆ سەرووی پلەی 70ـی سەدی.
5- دووركەوتنەوە لە كەسانی گومانلێكراو.
6- دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەوە.
7- فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕاو لە شوێنی تایبەت بە پاشماوەی ئاژەڵان.
8- سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان.
9- لەناو بردنی مێشوولە و قرتێنەرەكان.