ماكوان عيززهت-هەولێر
ڕەبۆ نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکانە، ئەبێتە هۆی هەوکردن و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی هەوا؛ د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان ڕوونی دەكاتەوە كە ڕەبۆ باوترین نەخۆشینی درێژخایەنە لە منداڵاندا.
د. پشدەر عەبدوڵڵا نیشانەکانی نەخۆشینی ڕەبۆی منداڵان دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
١-کۆکە بە تایبەت لە شەوان و بەیانیاندا.
٢-خیزەی سنگ.
٣-هەناسەتوندی.
٤-سنگەتەنگی.
٥-کۆکە و خیزەی بەردەوام لە دوای پەتای وەرزی.
٦-کۆکە و خیزەی سنگ لە دوای وەرزش و جووڵە.
٧-کۆکە لە دوای پێکەنین و گریان.
٨-کۆکە لە دوای خۆڵبارین و دووکەڵی جگەرە و بۆنی قورس.
د. پشدەر عەبدوڵڵا ڕوونیش دەكاتەوە كە ڕەبۆ ئەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جووڵە و تەمبەڵیی منداڵان و هەروەها تێکچوونی خەوی منداڵان؛ ئاماژە بەوەش دەدات كە منداڵی بچووکیش تووشی ڕەبۆ ئەبن.
دەربارەی نیشانەکانی ڕەبۆ، د. پشدەر عەبدوڵڵا ڕوونی دەكاتەوە كە بریتیە لە:
* کۆکە و خیزەی سنگ.
* هەناسە خێرایی.
* بەناڕەحەت هەناسەدان.
* بەناڕەحەت شیری پێ ئەخورێت.
* بێتاقەتی و ناڕەحەتی.
بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە لە خێزانەکەیاندا ڕەبۆ یان کێشەی هەستیاری لووت و پێست یان هەستیاری بەخواردنیان هەبێت یان یان بە نەبەکامی لەدایک بووبێت یان جگەرە لە ماڵەوە بکێشرێت یان لە سەرەتای تەمەنیدا تووشی هەوکردنی ڤایرۆسی توندی سیپەلاک بووبێت.
مەترسیەکانی منداڵێکی تووشبووی ڕەبۆ ئەگەر چارەسەر بە ڕێکی وەرنەگرێت چین؟
١-لەوانەیە تووشی نەوبەی زۆر توندی ڕەبۆی بکات کە ژیانی بخاتە مەترسیەوە و بە پێویستی چارەسەری زۆر و قورس ئەبێت لە نەخۆشخانە.
٢-هەناسەدانی زۆر توند ئەبێت کە کاریگەری زۆری لەسەر خەو و تەرکیز و خوێندن و فێربوون ئەبێت و زۆربەی کاتەکانی ڕۆژانەی بێتاقەت ئەبێت و تووڕە ئەبێت.
٣- وردەوردە گۆڕانکاری هەمیشەیی لە سیەکانی دروست ئەبێت کە دواتر ئەستەمە بە ئاسانی وەڵامی چارەسەر بداتەوە.
٤-کاریگەری زۆری لەسەر گەشە ئەبێت و ئەبێتە هۆی باڵاکورتی و دواکەوتنی هەراشیان (باڵغبوون).
٥-ئەبێتە هۆی نەچوون بۆ خوێندنگا و کەمبوونەوەی چالاکی ڕۆژانەیی و ئاستی فێربوونی زۆر دائەبەزێت.
٦-ئەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆری دەروونی و هەست بەکەمی کردن لەبەرامبەر منداڵە هاوڕێکانی.