هەشتی ئایار ڕۆژی جیهانیی تالاسیما

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

رۆژی هەشتی ئایاری هەموو ساڵێك لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاری كراوە وەك ڕۆژی جیهانیی تالاسیما لەپێناو بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەو نەخۆشییە بۆماوەییە و دابینكردنی چاودێری تەندروستی بۆ سەرجەم تووشبووان كە تێدەكۆشن لەپێناو ژیانێكی باشتر و یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی ژیانێكی ئاسایی بژین.

تالاسیما چیە؟
– تالاسیما یەكێكە لەنەخۆشیە بۆماوەییەكانی خوێن كە كەسی تووشبوو توانای دروستكردنی ئاسایی خوێن لەدەست دەدات و بەدرێژایی ژیانی پێویستی بە وەرگرتنی خوێن هەیە.
نەخۆشی تالاسیما بریتیە لە تێكچوونێكی بۆماوەیی لە خانەكانی خوێن و دابەزینی ئاستی هیمۆگڵۆبین و كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن لەئاستی سروشتی خۆی و ئەو نەخۆشیە بۆماوەییە و لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەكانی.
گواستنەوەی تالاسیما:
– تالاسیما لە ڕێگەی بۆهێڵەكان لە باوانی هەڵگرەوە دەگوزارێتەوە واتە ئەو باوانانەی هەڵگری نەخۆشیەكەن، ئەوە تەنیا هۆكارە بۆ تووشبوون بەتالاسیما.
بۆ دڵنیایی دەبێت پێش هاوسەرگیری پشكنینی (HB electrophoresis) تایبەت بە تالاسیما ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی خێزانەكان دوور بن لە خستنەوەی منداڵی تووشبوو بە تالاسیما.
جۆرەكانی تالاسیما و نیشانەكانی:
– ئەو نەخۆشیە پۆلین دەكرێت بۆ دوو جۆر ئەوانیش تالاسیمای بچووك و تالاسیمای قورس.
نیشانەكانی ئەو نەخۆشینە و جۆرەكەی و ئاستەكەی جیاوازە و هەندێك منداڵ نیشانەكانی تووشبوونیان لە كاتی لەدایكبوونەوە لەسەر دەردەكەوێت، لەكاتێكدا هەندێكی دیكە لە تەمەنی دووساڵاندا دەردەكەوێت.
نیشانەكانی تالاسیما بریتیە لە لاوازی و پێستی زەرد و تێكچوونی ئێسكی دەموچاو و گەشەی كەم و هەڵاوسانی ورگ و میزی تۆخ.
چارەسەری تالاسیما:
* تالاسیما وەك نەخۆشینی شەكرە وایە و بە تەواوی چارەسەر ناكرێت، بەڵام كۆنترۆڵ دەكرێت بەشێوەیەكی چالاك، لە حاڵەتە قورسەكانی تالاسیما كەسی تووشبوو پێویستی بە وەرگرتنی خوێن دەبێت.
پێش هاوسەرگیری و لەدایكبوونی منداڵ پشكنینی پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ رێگرتن لەتالاسیما و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لە قۆناغێكی پێشوەختە؛ چونكە تووشبووی تالاسیما بڕێكی كەمتری هیمۆگڵۆبینی هەیە و ئەوەش وادەكات ژیانی زۆر قورس بێت و بەردەوام پێویستی بە وەرگرتنی خوێن دەبێت و هەندێك توشبوو پێویستیان بەوەیە دوو هەفتە جارێك خوێن وەربگرن.
ئامارەكانی تالاسیما لە جیهان:
– بە پێی دوایین ئامارەكانی رێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی، 7%ی دانیشتوانی جیهان هەڵگری نەخۆشینی تالاسیمان و لە هەر هەزار منداڵێك كە لەدایك دەبن لە 2.7% تووشی تالاسیما دەبن، لە 70%ی ئەو كەسانەی بە تالاسیماوە لەدایك دەبن بە هۆی نەخۆشیەكە گیان لەدەست دەدەن بەهۆی نەبوونی رێگاچارەیەك بۆ چارەسەر.
رێنمایی بۆ تووشبووانی تالاسیما:
زۆر گرنگە تووشبووانی تالاسیما پارێزگاری بكەن لە سیستمێكی خۆراكی تەندروست و هەندێك لەو تووشبووانە رێژەی ئاسن لە لەشیان بەرزە و مەترسی تێكچوونی دڵ و جگەریان لێ دەكرێت.