ماكوان عيززهت-هەولێر
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی تۆماركردنی حاڵەتی نەخۆشیی تای خوێنبەروونی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندوو، بە گوێرەی پێشینەكانی ساڵانی ڕابردوو ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە هەیە لە هەرێمی كوردستان.
د. سەرکار سوورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند كە دوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ نەخۆشێکی گومانلێکراو، دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینەکان، یەکەم حاڵەتی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا.
دوای بوونی ژمارەیەکی زۆری نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕە لە شارەکانی دیکەی عێراق و ژمارەیەک لە حاڵەتەکان لە شاری کەرکووک و بوونی گیانلەدەستدان بەو نەخۆشیە.
یەکەم حاڵەت بە نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا ئەویش هاووڵاتیەکی کۆییە، تەمەنی (٤٢) ساڵانە و پیشەی گۆشتفرۆشە.
د. سەرکار سوورچی گوتیشی: داوا لە هاووڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە کاتی نەخۆشبوونی ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
یان هاووڵاتیان و بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
پاشخان
بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕە، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن:
1. سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.
2. لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێ.
3. نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆ ببنەوە و هاوکاریی بکەن.
4. بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەستوپل بە باشی بشۆردرێ.
5. لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.
6. بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.
7. پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.
8. باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر لە پلەی (4 -8) پلەی سەدی هەڵبگیرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنەچۆڕە.
9. ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی تری هەبوو باشتر وایە سەر نەبڕدرێت.