ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
د. ئیمان ئیسماعیل پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون لە بارەی نەخۆشی مایەسیری ڕوونی دەكاتەوە كە: مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی بۆرییەكانی خوێن لە بەشی خوارەوەی کۆم بە هۆی بوونی پەستانێکی زۆر لەسەریان؛ مایەسیری خۆی نەخۆشییەکی ترسناك نییە، بەڵام ئەشێت بەهۆی کاریگەری نەخۆشییە خراپ و درێژخایەنەکانی ترەوە بێت، دەبێتە هۆی بێزاركردن و دروستكردنی ئازار و ناڕەحەتی لەلای کەسی تووشبوو.
د. ئیمان ئیسماعیل لە بارەی نیشانەکانی تووشبوون بە مایەسیری ئاماژە بە دوو خاڵ دەكات:
١. خوێنبەربوونی کۆم (بەزۆری بێ ئازار)
٢. گرێیەکی ڕەقی هەستپێکراوی دەوروبەری کۆم کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی، ئازار، خوران و هەڵئاوسان.
ئەو پزیشكە دەشڵێت: مایەسیری نەخۆشییەکی باوە لە هەردوو ڕەگەزدا؛ ئەشێت لە هەموو تەمەنێکدا دروست ببێت و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن زیاتر دەبێت، هەربۆیە زۆرێک لە خانمان تووشی مایەسیری دەبن لەماوەی دووگیانی و منداڵبووندا. بەهۆی بوونی پەستان لەسەر لوولەکانی خوێن لەسەر ناوچەی حەوز بە هۆی کۆرپەوە، هەروەها بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکان لە ماوەی دووگیانیدا.
د. ئیمان ئیسماعیل جەخت دەكاتەوە كە زۆر پێویستە نەخۆش لە کاتی بوونی نیشانەکانی مایەسیریدا یاخود هەر نیشانەیەکی نەخوازراوی تر لەکۆمدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.