مردن لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا

د. کەیفی زیرەك کەمال*

لە ڕابردوودا وەها باوبوو کە کەسێك دەگەیشتە کۆتا هەفتە و رۆژەکانی ژیانی، هەموو کەسە ئازیز و نزیکەکانی لە دەورووبەری کۆدەبوونەوە و گشت خزم و دۆست و هاوڕێکانی سەردانیان دەکرد. لە لایەکی دیکەش، هەوڵیان دەدا بە نزای خێر و دڵدانەوە، ئەم دۆخە قوڕس و پڕ لە مەینەتیە لەسەر کەسی گیانلەدەست و دەورووبەرەکەی کەمێك سووك بکەن. وەلێ ئێستا ئەم کلتوورە هێواش هێواش بەرەو کاڵبوونەوە و نەمان دەچێت، لە ئێستادا کاتێك کەسێك دەگاتە کۆتا ساتەکانی تەمەنی، سیستەمی تەندروستی وادەکات کە زۆربەی کاتەکانی لە نەخۆشخانە و ڕێگەی پشکنین و وەرگرتنی دەرمانی تازە بەسەرببات.
بێگومان مردن بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، هەتاکوو ژیانکردن مابێت مردنیش هەر بوونی دەمێنێت، لە کوردەواریشدا دەگوترێت “مەرگ بەرگی یەکسانیە، هەموو کەس لەبەری دەکات”.
لێرەدا دەمەوێت کاریگەری سیستەمی تەندروستی ئێستای جیهانتان پێشان بدەم لەسەر کۆتا ساتەکانی ژیانمان، تاوەکوو بزانین داخۆ ئەو سیستەمە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی هەبووە لەو لایەنەوە.

بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی، نموونەیەك دەخەمەڕوو:
وێنا بکە کە ئێستا خۆت، باوکت، یان هەر کەسێکی ئازیزی دیکەت لە تەمەنی ٧٠ ساڵی ڕەتیداوە و دەستنیشانکراوە بە نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان و لە قۆناغێکی پێشکەوتوو دایە، واتا بە جەستەیدا بڵاوەبۆتەوە و ئومێدی چاکبوونەی تەواوەتی نییە، هەروەها لە باشترین بارودۆخیدا نزیكەی ٦ مانگ (شتێك کەمتر یان زیاتر)ـی لە ژیان ماوە. ئەگەر ئەو کەسەی وێناتکردووە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا لەو بارودۆخە بووبا، ئەو تەمەنەی کە لە ژیاندا گوزەری دەکرد لە نێو خێزان و ماڵ و منداڵ و ئازیزانیدا بەسەری دەبرد و بە ئارامی پێشوازی لەو مێوانە دەکرد کە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر دێت و لە دەرگا دەدات کە ئەویش مردنە. هەمان ئەم کەسە ئەگەر لە ئێستادا تووشی ئەم بارودۆخە ببێت، دەبێت کۆتا مانگەکانی ژیانی بە ڕاکەڕاك بەدوای پشکنینە بێکۆتاکان و حەب و دەرمانە نەبڕاوەکان بەسەرببات و لە کۆتا ساتەکانی تەمەنیشی، هەموو ئەوەی دەیبینێت، ئامێرەکانی پێوانی لێدانی دڵ و چاودێریکردنی پەستانی خوێن و ڕێژەی ئۆکسجینی ناو خوێن. واتا ئێمە هەستاوین بە گۆڕینەوەی مردن لەنێو کەسوکار و ئازیزان بۆ مردن لەنێو دکتۆر و پەرستار، لە شوێنیك کە هەموو چاوەڕێن کەسی گیانلەدەست قسەیەك بکات بۆ ئەوەی دوای مردنی بە جوانترین شێوە قسەکەی بهێننە دی بۆ شوێنێك کە ئەوەی گرنگ نەبێت قسەی ئەو کەسەیە، لە نێو گەرم و گوڕی ماڵدا بۆ نێو چوار دیواری سارد و سڕی نەخۆشخانە! لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە کە هەرکاتێك کەسێك گەیشتە ئەم تەمەنە پێویستە دەستی لێ بشۆین و هیچ‌ جۆرە خزمەتگوزاریەکی پزیشکی پێشکەش نەکرێت، بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە پێویستە خزمەتگوزاری پزیشكی لەپێناو ئەوەبێت مرۆڤ باشترین ژیانی خۆی بژیێت، نەك تەنها ئامانجمان درێژکردنەوەی تەمەنی مرۆڤ بێت بەبێ ڕەچاوکردنی چۆنێتی ژیانکردنەکە.

لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە، ئەویش‌ئەوەیە کە چۆن هاوسەنگی لە نێوان چارەسەری پزیشکی لەگەڵ لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان ڕابگیرێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بریتییە لە چاودێری ئارامکەرەوە* (Palliative Care)، ئەمەش جۆرێکە لە چاودێری کردنی2 نەخۆش کە تەرکیزی لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی نەخۆشییەکە نییە، بەڵکوو جەخت دەکاتەوە لەسەر کەمکردنەوەی ئازار و ناڕەحەتییە جەستەیی و دەروونیەکانە. بۆیە ئەم جۆرە گرنگی پێدانە دەکرێت ببێتە پردێك لەنێوان ئەم دوو جەمسەرە چوونکە ئێمەی مرۆڤ مافی خۆمانە بە شکۆمەندیەوە ئەم ژیانە بەجێبهێڵین، لە ژینگەیەکدا کە هەست بە ڕێز و خۆشەویستی دەکەین نەك وەك ئامێریك لەناو ئامێرەکان پێشوازی لەو میوانە نەویستراوە بکەین، لە هەمان کاتدا زۆرترین سوود لە زانستی پزیشکی وەربگرین بۆ باشتر تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، نەك سەختترکردنی!
هیچ وشەیەکی کوردی دیاریکراو نییە بەرامبەر بەو دەستەواژە پزیشکیە.