ئازاری ســــک لە منداڵاندا

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

ئازاری سک نەخۆشییەکی باوی منداڵانە، هەروەها ئازاری سورێنچكیش بە گشتی تووشی کۆرپەی خوار تەمەنی شەش مانگ دەبێت. لەوانەیە دایک و باوک تێبینی ئەوە بکەن کە ئەم ئازارانە بە بەردەوامی لە هەمان کاتدا هەموو ڕۆژێک ڕوودەدەن بەتایبەتی شەوانە. ئازارەکە بۆ ماوەیەک دەخایەنێت کە لە نێوان یەک بۆ سێ کاتژمێر دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا کۆرپە بە بەردەوامی دەگری. ئەگەر ئەم ئازارانە لە هەفتەیەکدا زیاتر لە سێ جار دووبارە ببنەوە، باس لەم حاڵەتەدەكەین، و پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەم ئازارانە و دیاریکردنی هۆکارەکانیان.

هۆکارەکانی ئازاری سک
هیچ هۆکارێکی زانستی ڕوون لە پشت ئازاری سک لە کۆرپەدا نییە، بەڵام گریمانەیەک هەیە کە ڕەنگە لە پشت ئەم ئازارانە بێت:
ڕاگرتنی غازات: دەتوانرێت بڵێین کۆئەندامی هەرسکردنی منداڵانی خوار شەش مانگ ئەوەندە پێنەگەیشتووە کە یارمەتی دەرکردنی غازات بدات. بۆیە ڕاگرتنی ئەم گازانە لە ڕیخۆڵەکاندا و دەرنەچوون بۆ ماوەیەکی زۆر لەوانەیە ببێتە هۆی ئازاری سك بۆ منداڵەکە.
کەمی میکرۆبی سوودبەخش: میکرۆبی سوودبەخش بریتین لە میکرۆبەکان کە لە ناو ڕیخۆڵەکانی تاکدا دەژین و یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەدەن. ئەگەر منداڵەکە بە شێوەیەکی نائاسایی لەدایک بووبێت یان نەیتوانیبێت شیری دایکی بەدەست بهێنێت بە شێوەیەک کە سوودی بۆی هەبێت، لەوانەیە تووشی کەمی ئەم میکرۆبانە ببێت، کە ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی ئازاری سکی.
ئازاری سک بەهۆی کۆئەندامی دەمارەوە: ڕەنگە ئازاری سک لە منداڵدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆئەندامی هەرسەوە نەبێت، بەڵام هەندێکجار دەرئەنجامی دڵەڕاوکێ بێت لە کۆئەندامی دەماردا، وەک ئەگەر منداڵەکە لە ژینگەیەکدا بێت کە دەنگ و ئاژاوەیەکی زۆری تێدابێت کە مێشکی بەرگەی ناگرێت و ئەم دڵەڕاوکێیە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سک دەبێت و دەبێتە هۆی ئازار.
دەستنیشانکردنی ئازاری سکی منداڵ
ئازاری سک لە منداڵاندا لە ڕێگەی پشکنینی پزیشکی گشتگیرەوە دەستنیشان دەکرێت بۆ دیاریکردنی بوونی کۆلیک. ئەگەر پزیشکی پسپۆر گومانی هەبوو کێشەیەکی تر هۆکاری ئازارەکە بێت، بەتایبەت ئەگەر نیشانەکانی تری لەگەڵدا بوو وەک ڕشانەوە یان دواکەوتنی خەوتن، پزیشکی پسپۆڕ داوای پشکنینی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکی دیکە لە منداڵەکەدا دوور بخاتەوە کە هۆکارە بۆ گریانەکەی.
چارەسەری ئازاری سک لە منداڵدا
چەندین شێوازی چارەسەرکردن هەیە. ئەم چارەسەرانە بە پلەی یەکەم لەوەدایە کە دایک و باوک بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵان بکەن کاتێک هەست بەم ئازارانە دەکەن:
دۆخی دانیشتن یان خەوتنی منداڵ: دۆخی منداڵ پێویستە ئاسوودە بێت. بۆ نموونە جێهێشتنی منداڵ لەسەر پشت پاڵکەوتن بۆ ماوەیەك لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ئازارەکەی زیاد بکات. بۆیە باشتر وایە منداڵ لەسەر سکی بمێنێتەوە لەکاتێکدا بەردەوام بێت لە مەساجکردنی گەدە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە و ئاسانکاری بۆ دەرچوونی غازەکان.
جۆری خۆراک: بەو پێیەی ئەم ئازارانە بەسەر منداڵانی خوار تەمەنی شەش مانگدا دێت، ئێمە لەم حاڵەتەدا باس لە تاکە خۆراکی منداڵ دەکەین کە شیرە، کە دەبێت زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت. ئەمەش بە گۆڕینی شیری منداڵ، ئەگەر دەستکرد بێت، بە شیرێکی دەستکردی تر کە تایبەتە بە ئازاری گەدە بەردەستە. بەڵام ئەگەر کۆرپە تەنها شیری دایکی پێبدرێت، لەم حاڵەتەدا واباشە دایکەکە ڕێجیمێک پەیڕەو بکات لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە گازی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی بە بەردەوامی سەوەزە و میوە بخوات كە ئەمەش کوالێتی شیرەکە باشتر دەکات و ئەو سوودانەش بۆ کۆرپە بگوازێتەوە.