بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە نەخۆشى (تای خوێن به‌ربوون) ئەنجامدرا

ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.4.27، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى (تای خوێن به‌ربوون) (الحمی النزفیه‌) کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ و له‌ ڕێگه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ و هه‌ندێكجار له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بڵاو بوونەوەى نەخۆشیە کرد و لە نزیکەوە ڕاو سەرنجى ئامادەبووانى وەرگرت، کە سوپاس بۆ خودا تاکو ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێکى ئەم نەخۆشییە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و ڕیگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاو بوونەوەى نەخۆشى (تاى خوێنبەربوون)، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:-

یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت، لە بەردەم دوکان و شەقامەکان، لە ماڵان، ئەرکى قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە و شارەوانى و لیژنەکانى تەندروستیی و لیژنەى چاودێرى بازاڕە، ڕێگرى لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.

دووەم/ قەسابەکان پابەندن بن بەڕێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنى کەل و پەلى خۆپارێزى.

سێیەم/ پێویستە هاوڵاتییان گۆشتیى سوور لە شوێنى ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەى لەتکردنى گۆشت لە تەختەى لەتکردنى سەوزە جیاواز بێت.

چوارەم/ بەهاوکارى یەکە کارگێڕیەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.

پێنجەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاوڵاتییانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.

شەشەم/ ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى کە لە ئیستادا دەستى پێکردووە.

حەوتەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.

هەشتەم / دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

نۆیەم / هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.