پارێزگاری لە پێست لەگەڵ گۆڕانی وەرزدا

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

لە وەرزی هاویندا پێست پێویستی بە گرنگیدانێکی زۆر هەیە بە هۆی کاریگەریی خێرای گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.

د. ئەمەل فەقێ پزیشكی پسپۆڕی جوانكاری پێست کۆمەڵێک ئامۆژگاری دەخاتە ڕوو کە یارمەتیی خانمان دەدا گرنگی بە پێستیان بدەن و درەوشاوەیییان بپارێزن، جا لە هاویندا بێت یان زستان.
پێست پێویستی بە چاودێریی ڕۆژانە هەیە بۆ ئەوەی درەوشاوە و تەواو بێت. ئەم ئامۆژگاریانە بریتین لە:
یەکەم: پێویستە گرنگی بە خۆراک بدەیت و تا دەتوانیت خۆراكی تەندروست بخۆیت؛ بەتایبەت خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامینی وەک ڤیتامین ئەی و ئی و سی؛ لەگەڵ ئۆمیگا 3 کە لە سەوزە و میوە و خۆراکی دەوڵەمەند بە پرۆتیندا هەیە. هەروەها گرنگە تا دەکرێت دەمپارێزی بکە لە شیرینی و، ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە.
دووەم: پێویستە فێری کۆنترۆڵکردنی فشار و هەستەکان بیت چونکە فشاری دەروونی زۆر کاریگەری لەسەر بارودۆخی پێست دەبێت. ئەگەر هەستت بە هەر کێشەیەکی هۆرمۆن یان نیشانەیەک کرد، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست و وەرگرتنی چارەسەری گونجاو.
سێیەم: پابەندبە بە ڕۆتینی ڕۆژانە و ئەو بەرهەمانەی چاودێری پێست هەڵبژێرە کە لەگەڵ جۆری پێستت بگونجێت بۆ ئەوەی کاریگەرتر بێت.

شێوازی جوانکاری بۆ چاودێری پێست
دەتوانرێت کۆمەڵێک تەکنیکی جوانکاری ئەنجام بدرێت بۆ زیاتر گرنگیدان بە پێست و چارەسەرکردنی هەندێک کێشە بۆ ئەوەی پێست درەوشاوەیی و تازەگەرییەکی نوێ بەدەستبهێنێت. لەنێو ئەو تەکنیکە بەناوبانگانەدا ڕێكاری هایدرۆفیشاڵ چارەسەرییە و پسپۆڕی پێست و جوانکاری ئەنجامی دەدات و ئامانجی شێدارکردنی پێست و لابردنی خانە مردووەکان و خۆراکدانی و گەنجکردنەوەیە. ئەم ئەنجامانە بەدەست دەهێنین دوای تێپەڕین بە قۆناغەکانی هایدرۆفیشاڵ و پاککردنەوەی دەمووچاو. هەروەها ڤیتامینی تێدایە کە کونیلەکان دادەخەن و دیمەنێکی درەوشاوە بە دەموچاو دەبەخشن.
یەکێک لە تەکنیکە بەناوبانگەکان کە ئێستا بەکار دێت بریتییە لە (mesotherapy) کە تەکنیکێکی جوانکاری بێ نەشتەرگەرییە کە تیایدا کۆمەڵێک ڤیتامین و ترشی هیالۆرۆنیکی پێست بە دەرزی لێ دەدرێت، کە یارمەتی خۆراکدانی پێست دەدات بۆ ماوەیەکی زۆر و ڕزگاربوون لە پەڵەی ڕەش و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی زیپکە و باشترکردنی کوالێتیی پێست بە گشتی.
هەروەها دەتوانرێت چارەسەری لەیزەر ئەنجام بدرێت، ئەمەش کوالیتی پێست و پەڵەی ڕەش چارەسەردەکات. هەروەها هاندەری پێستە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین، بەمەش شلبوونەوە و توندبوونەوەی دەموچاو کەم دەکاتەوە.

تەکنیکە گرنگەکان بۆ چاودێریکردنی پێست
یەکێک لە تەکنیکە گرنگەکانی چاودێری پێست بریتییە لە مایکرۆنێدلینگ، کە بە بەکارهێنانی ئامێرێکی پێشکەوتوو ئەنجام دەدرێت کە چارەسەری کونیلە کراوەکان و شوێنەوارەکان دەکات و شلبوونەوە کەم دەکاتەوە و هاندەری پێستە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری کۆلاجین.
لە کۆتاییدا، سەرەڕای گرنگی ئەم تەکنیکە جۆراوجۆرانە لە باشترکردنی کوالێتی پێستدا، تەنها پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت بە پشتبەستن بە بارودۆخەکەی دیاری بکات کە کام تەکنیک باشترینە بۆ پێستی نەخۆشەکە. شایەنی باسە لە ئێستادا لە بواری پزیشکی جوانکاریدا، پزیشکەکان زیاتر ڕوو لە تێکەڵکردنی زیاتر لە تەکنیکێک دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر. بۆ نموونە دەتوانرێت تەکنەلۆژیای لەیزەر لەگەڵ چارەسەری بەرزکردنەوەی پێست تێکەڵ بکرێت. ئەم تەکنیکانە بەپێی چاوەڕوانی نەخۆش و دەستنیشانکردنی پزیشک دیاری دەکرێن.
بۆ بەدەستهێنانی پێستێکی درەوشاوە و ڕەنگێکی ڕوون، پرۆتۆکۆڵێکی تایبەت هەیە کە لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دانراوە و نەخۆشەکە تەنها دەبێت پابەند بێت بە ئامۆژگارییەکانی پزیشکەکەی.