رۆژنامەی ھەولێر

منداڵەكانتان لە كوتان بێبەش مەكەن

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

بە گوێرەی خشتەی داڕێژراوی گشتی هەر منداڵێك لە پاش لەدایكبوونی دەست دەكرێت بە ئەنجامدانی كوتانەكانی، كوتانەكانیش پێویستە وەربگیرێت و نابێت لە لایەن دایك و باوكانەوە پشتگوێ بخرێت، چونكە ئەوە ئامانەتێكە لەسەر دایك و باوك كە بەرامبەر منداڵەكانیان دەبێت بگیرێتە بەر.

 

د.بێریڤان عەدنان بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر ڕوونی كردەوە كە لە سەرجەم بنكە تەندروستییەكان كوتان بە بەردەوامی بەردەستە و هاووڵاتیان دەتوانن بە گوێرەی خشتەی دیاریكراوی منداڵەكانیان سەردانی بنكە تەندروستییەكان بكەن.كوتانی منداڵان گرنگییه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و زه‌رووره‌ بۆ بەده‌ستهێنانی به‌رگری به‌رامبه‌ر هه‌موو نه‌خۆشییه‌ك، بەتایبه‌ت ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌و ته‌مه‌نەدا‌ تووشیان بن.
د.پشدەر عەبدوڵڵا پزیشكی منداڵان ڕوونی كردەوە كە بە داخەوە كۆمەڵێك بیركردنەوەی هەڵەو هەروەها دەنگۆی خراپ وا دەكات كە هەندێك لە خێزانەكان بە گەرمی پێشوازی نەكەن لە خشتەی كوتانەكان و پایەند نەبن پێوەی، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە كوتانی منداڵان پێویستییەكی حەتمیە و پێویستە پابەند بن پێوەی.
ساڵانە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چەندین دروشم هەڵمەتی هۆشیاری و پێدانی ڤاكسینەكان بە منداڵان هەڵمەتی كوتان بەڕێوە دەبات.

د. رزا حەسەن حسێن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشی منداڵان و تازەلەدایكبووان، ده‌ڵێت: “بەپێی خشتەیەك منداڵان دەكوترێن، كە لە ١٣ جۆر نەخۆشینی گواستراوەی جیاواز دەیانپارێزێت كە پێویستە هەموو دایك و باوكێك كاتەكانی بزانن و، نابێ پشتگوێی بخەن”.

• خشتەكە بەم جۆرەیە:
هەفتەی یەكەم، دوومانگان، چوار مانگان، شەش مانگان، نۆ مانگان، پانزە مانگان، هەژدە مانگان، ٤-٦ ساڵان.
• ئایا كوتان منداڵ نەخۆش دەخات؟
نەخێر، تەنها هەندێك نیشانەی لاوەكی وەكو سووربوونەوە و ئازار لە شوێنی دەرزیەكە، تا و گیانئێشە، كە ئەمانەش كاتین و ئاسایین، بۆیە دوودڵ مەبن و كوتان پشتگوێ مەخەن.
• ئەو هەڵانە چین زۆرجار لە سەنتەرەكانی كوتان دەکرێت؟
زۆر جار دەبینین لەبەر هەندێك حاڵەتی ناپێویست كوتانیان بۆ منداڵەكە نەكردووە لەوانە زەردوویی منداڵەکە.
بە هیچ جۆرێك پێویست ناكات لەبەر زەردوویی هیچ دۆزێكی كوتان نەكرێت یان دوا بخرێت بەتایبەت ئەگەر منداڵەكە شیر باش بخوات و وریا بێ .
هیچ كوتانێك نابێ نەكرێت لەبەر پەتای وەرزی و سكچوونی كەم، بەتایبەت ئەگەر تای زۆر بەرزی نەبێ.
نابێ هیچ كوتانێك دوا بخرێت بە بیانووی كەمكێشی یاخود نەبەكامی، تەنها كوتانی ڤایرۆسی جگەر جۆری B، كە لە هەفتەی یەكەم دەکرێ دوا دەخرێت تا یەك مانگ یان تا كێشی دەبێت بە دوو كیلۆ.
• لە چ كاتێكدا نابێ كوتان بكرێ یاخود دوا بخرێ؟
1. ئەگەر منداڵەكە هەستیاری توندی هەبێ بەیەكێ لەژەمەكانی كوتان.
2. ئەگەر نەخۆشی بەرگری لەش، نەخۆشی درێژخایەنی وەكو دڵ و سییەكان و گورچیلەی هەبێت.
3. ئەگەر هەندێك دەرمانی وەكو كیمیایی و ستیرۆید وەربگرێت.
4. ئەگەر خوێنی تێ كرابێت، یان هەر پێكهاتەیەكی تری خوێنی وەرگرتبێ.

• ئایا منداڵی نەبەكام دەبێ بكوترێ؟
بەڵێ، دەبێ بەپێی هەمان خشتە بكوترێن، تەنها ڤاكسینی ڤایرۆسی جگەر جۆری B دەبێ دوا بخرێ تا كێشی مناڵەكە دەگات بە دوو كیلۆ.
• نابێت هیچ ژەمێكی ڤاكسین پشتگوێ بخرێت.
چونكە زۆربەی ڤاكسینەكان پێویستیان بە دوو ژەم یان زیاترە تاكو بەرگری و دژەتەن دروست ببێت.
نابێت هیچ ژەمێك لە چوار رۆژ بۆ هەفتەیەك دواتر بخرێت، چونكە خشتەی كوتانەكەی تێك دەچێت.
• لە چ كاتێكدا سەردانی پزیشكی منداڵان بكەم؟
1. ئەگەر هەستیاری، حەساسیە دروست بوو، وەكو سووربوونەوەی زۆری پێست و ئاوسانی دەمولێو و پێڵووی چاو و كۆكە.
2. تێكچوونی هۆش و گەشكە.
هەروەها هەر یەكێك لەم نیشانانە ئەگەر دروست بوو دەبێ تۆمار بكرێ و بزانرێت بۆ كام ژەمی كام جۆر ڤاكسینە دروست بووە، چونكە نابێت ژەمی تری هەمان جۆری بۆ بكرێتەوە.