ماكوان عيززهت-هەولێر
کەشوهەوای جوان و دڵڕفێنەکەی وەرزی بەهار، هانی مرۆڤ دەدات لە ماڵ دەربچێت؛ گەشت و سەیران بۆ بەسەربردنی کات لە دەرەوە كاریگەرییەكی زۆر باشی هەیە لەسەر دەروونی مرۆڤ و، هەلێكی باشیش دەڕەخسێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی كار و هەروەها بەسەر بردنی كاتێكی خۆش لەگەڵ خاوخێزان و پتەوكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.
لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری خەڵک، خۆراكی ماڵەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ گەشت پێویستە چی بۆ ژەمی نیوەڕۆ ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بەرگە بگرێت و تێك نەچێت و تامێکی خۆشی هەبێت.
د. هێرش قادر دەربەندی ڕوونی دەكاتەوە كە مانەوەی مرۆڤ لەناو شارەکان و جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانە، وا له مرۆڤەکان دەکات پێویستیان بەوە بێت کاتێک بەسەر بەرن دوور لە ژیانە ئاساییە ڕۆژانەکەیان.
گەشت و سەیران بەسوودە بۆ ئارامکردنەوەی دەروونی مرۆڤ و کەمکردنەوەی فشاری دەروونی، بۆ وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر، بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، بۆ ڕەخساندنی کەشی لەبار بۆ ئەوەی ئەندامانی خێزان کاتیان هەبێ بۆ یەکتر. بە هەموو پێوەرێک گەر گەشت و سەیران بە پلان و بەرنامەی دروست بکرێ سودی زۆرە.
د. هێرش قادر دەشڵێت: گرنگە لە کاتی گەشت و سەیران، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ پاراستنی سەلامەتی مرۆڤەکان، هەر لە پابەندی بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، تاکو مانەوەیەکی سەلامەت لە شوێنی گەشتکردن و بێزارنەکردنی کەسانی دەورووبەر و پاراستنی ژینگە و تەندرورستی خۆراک.
ئامۆژگاری بۆ پاراستنی خواردن لەکاتی گەشتکردن
لە کاتی سەردان و گەشتە خێزانییەکاندا ئەگەری ژەهراویبوون بە خۆراک زیاتر دەبێت، بە تایبەتی لە هاویناندا، کاتێک پلەی گەرما بەرزە هاندەری زیادبوونی گەشەی بەکتریاکانە. چۆن خواردنەکەت لە بەکتریا ژەهراویەکانی خۆراک دەپارێزیت؟ لێرەدا چەند ئامۆژگاریەکی بەسوود بۆ پاراستنی خۆراک دەخەینە ڕوو:
• خواردنەکان بە ساردی یان گەرم بهێڵەرەوە بۆ ئەوەی بەکتریا گەشە نەکات. ئەو خۆراکانە مەخەنە بەر پلەی گەرمی بەرز کە پێویستیان بە ساردکەرەوە هەیە. ئەم خواردنانە دەتوانرێت بە هەڵبژاردنی کیسی ساردکەرەوە یان خستنە نێو فلینە بپارێزرێت. لە کاتی خواردندا باشترە چەندین جار کیسەکە نەکەیتەوە و دایبخەیت، بۆ ئەوەی خواردنەکە فێنک بمێنێتەوە.
• خواردنەوەكان بخەرە ناو دەفرێكی پڕ لە سەهۆڵ، بۆ ئەوەی سارد ببێتەوە و، بە چەند بەشێك دایانبنێ بۆ ئەوەی هەرجارەو بەشێكی بەكار بهێنیت.
• گۆشتی خاو و مریشک لە خواردنەکانی تر جیا بکەرەوە، هەروەها دوور بکەوەرەوە لە گۆشتی کوڵاو و زەڵاتە و شیرینی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە گۆشتی خاو بەکتریای تێدایە کە دەبێتە هۆی ژەهراویداگەڕانی خۆراک. بەڵام باشترە هەمان ئەو قاپانە یان تەختەی بڕین بەکار نەهێنرێت کە بۆ گۆشتی کوڵاو و خاو بەکار دێت.
• سەبارەت بە سەوزە و میوەی تازە، باشتر وایە هەر لە ماڵەوە بە شێوەیەكی جوان و باش بشۆردرێتەوە و بیخەیتە ناو بۆكسێكی فێنك.