سبەی ڕۆژی جیهانیی تەندروستییە “سەرەتایەكی تەندروست بۆ داهاتوویەكی پڕشنگدار”

هەڵمەتێكی یەك ساڵەی تایبەتە بە تەندروستیی دایك و مناڵ (تایبەتە بە نەهێشتنی مردنی دایكان و كۆرپەكانیان و بە تایبەتتر لەسەر تەندروستیی دایكە) لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت.

هەموو ساڵێک لە ٧ی نیساندا وڵاتانی جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی تەندروستی دەکەنەوە. ئەم ڕۆژە تایبەتە بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە پرسە تەندروستییە لە پێشینە جیهانییەکان.
ئەمساڵ، ٢٠٢٥، ڕۆژی جیهانیی تەندروستی لەژێر تەوەری “سەرەتایەكی تەندروست بۆ داهاتوویەكی پڕشنگدار” بەڕێوەدەبات، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی تەندروستیی دایکان و تازەلەدایکبووەکان وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی بەهێز و ئایندەیەکی خۆشگوزەران بۆ هەمووان.
یارمەتیدانی هەموو ژن و کۆرپەیەک بۆ مانەوە و گەشەکردن ئەمە ئەرکێکی گرنگە. بەداخەوە، دوایین خەمڵاندنە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە نزیکەی ٣٠٠هەزار ژن بەهۆی دووگیانی یان منداڵبوونەوە دەمرن، لە کاتێکدا زیاتر لە ٢ملیۆن کۆرپە لە مانگی یەکەمی ژیاندا دەمرن و ٢ملیۆنی دیکەش بە مردوویی لەدایک دەبن. واتە لە هەر ٧ چرکەیەکدا و مردنێک، کە دەتوانرێت ڕێگەی لێ بگیرێت.

گوێگرتن لە ژنان و پاڵپشتیکردنی خێزانەکان پێویستیان بە چاودێرییەکی بەرز هەیە کە لە ڕووی جەستەیی پشتگیریان بکات، پێش منداڵبوون و لە کاتی منداڵبوون و دوای منداڵبوون.

سیستەمی تەندروستی دەبێت پەرەبسێنێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کێشە تەندروستییە زۆرانەی کە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دایکان و تازەلەدایکبووان هەیە، هەروەها بارودۆخی تەندروستی دەروونی و نەخۆشییە نەگوازراوەکان و پلاندانانی خێزانیش كاری ڕژدی لەسەر بكرێت.
جگە لەوەش دەبێت لەڕێگەی یاسا و سیاسەتەوە پاڵپشتی ژنان و خێزانەکان بکرێت کە پارێزگاری لە تەندروستی و مافەکانیان بکات.

پێشنیارەکان بۆ ژنانی دووگیان
یەکەم: لە کاتی دووگیانیدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە لانیکەم هەشت پشکنینی پێش لەدایکبوون ئەنجام بدرێت، ئەم پشكنینانە لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە بۆت دەردەکەوێت دووگیانیت. ئەم پشکنینانە چاودێری تەندروستی تۆ و گەشەی کۆرپەکەت دەکەن و ئاڵۆزییە ئەگەرییەکان دیاری دەکەن.
ڕێکخراوەکە پێشنیاری کۆمەڵێک پشکنینی گرنگ دەکات: پشکنینی سۆنەر، پشکنینی میز، پشکنینی خوێن، پشکنینی پەستانی خوێن، پشکنینی شەكرە و چاودێریکردنی گەشەی کۆرپەلە. ئەم پشکنینانە پێویستن تەنانەت ئەگەر هەست بە تەندرووستی باشیش بکەیت، چونکە هەموو حاڵەتە پزیشکییەکان نیشانەی ئاشکرایان نییە. ئەگەر هەستت بە هەریەکێک لە نیشانە ئاگادارکردنەوەکان کرد: (خوێنەچۆڕەی زێ؛ ئازاری سک؛ لێڵ بینین، ئاوسانی لەناکاو، یان سەرئێشەی بەردەوام؛ یان گۆڕانکاری لە جوڵەی کۆرپەلەدا) هەرچەندە ئەم نیشانانە هەمیشە ئاماژە بە شتێکی جددی ناکەن، بەڵام هەمیشە باشتر وایە پشکنینیان بۆ بکرێت.
ژنانی دووگیان لە هەفتەی ١٦ بۆ ٢٤ی دووگیانیاندان هەستدەكەن بە جوڵەی کۆرپەلە. ئەگەر جوڵەی منداڵەکەت کەم بووەوە، وەستا، یان لەناکاو چڕتر بووەوە، بەپەلە سەردانی پزیشكەكەت بکە. پشت بە ئامێری چاودێریکردنی ماڵەوە مەبەستە بۆ پشکنینی لێدانی دڵی کۆرپەلە، چونکە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو هەموو کێشە ئەگەرییەکان نیشان نادات.
ڕێکخراوەکە پێشنیاری کەمکردنەوەی مەترسییەکان دەکات لە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تووتن و خواردنەوە كحولییەكان وە هەروەها:
– وەرزشکردن بە بەردەوامی.
– وەرگرتنی کوتانە پێشنیار کراوەکان.

پێشنیارەکانی دوای منداڵبوون
دووەم: دوای لەدایکبوونی كۆرپەكە، دایكەكە تووشی چەندین گۆڕانکاری جەستەیی و سۆزداری دەبێت کە لەوانەیە هەست بە ترس یان دڵەڕاوکێ بکات.
بەسوودە بزانیت دوای منداڵبوون چاوەڕوانی چی دەکەیت؟، وەک:
*چاکبوونەوەی جەستەیی: زۆرێک لە خانمان تووشی خوێنەچۆڕە و گرژبوون و ناڕەحەتی و ماندوێتی دەبن. ئازارشکێنەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن. هەرکاتێک دەتوانیت پشوو بدە، هەوڵ مەدە لە چەند هەفتەی یەکەمدا زۆر خۆت ماندوو بکەیت، داوای پشتگیری بکە لەکاتێکدا خۆت لەگەڵ چاودێریکردنی منداڵە تازە لەدایکبووەکەتدا دەگونجێنیت.
* پتەوکردنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ منداڵەکەت: ماوەیەک لە بەرکەوتنی جەستەیی لەگەڵ منداڵەکەت بەسەربەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکەت و ڕێکخستنی پلەی گەرمی و لێدانی دڵی.
*پشکنینی دوای منداڵبوون: بۆ دڵنیابوونەوەت لە تەندروستی كۆرپەكەت تۆش دەتوانی لە كاتی پشكنینەكانی ئامادە بیت.
*نیشانەکانی ئاگادارکردنەوە: ئەگەر هەستت بە: خوێنەچۆڕەی زۆر یان مەینی کرد، دەستبەجێ داوای یارمەتی بکە؛ یان سووربوونەوە یان ئاوسانی قاچەکان؛ یان سەرئێشەی بەردەوام؛ یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان ڕشانەوە؛ ئەو برینانەی کە چاک نابێتەوە، ئازاری سنگ، هەناسەدان بە ناڕەحەتی.
*تەندرووستی دەروونی: ئەگەر هەستت بە دڵتەنگی زۆر کرد یان دڵەڕاوکێ، داوای ئامۆژگاری بکە. لە هەر پێنج ژن یەکێکیان تووشی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێی دوای منداڵبوون دەبێت. ئەم حاڵەتانە باون و دەتوانرێت بە پشتیوانی تایبەتمەند چارەسەر بکرێن. هەروەها دەتوانیت لەناکاو تووشی نەخۆشی دەروونی دوای منداڵبوون بیت کە نیشانەکانی وەک خەونبینین و وەهم و گۆڕانی باری دەروونی لەگەڵدایە. ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە بەڵام زۆر جدییە ئەگەر چارەسەر نەکرێت. حاڵەتێکی فریاگوزاری پزیشکییە و پێویستی بە چاودێری بەپەلە هەیە.

پێشنیارەکان بۆ چاودێریکردنی تازەلەدایکبووەکان
ژیان لەگەڵ کۆرپەدا ئەزموونێکی ناوازەی سۆزداری و چالاکە بۆ دایک و باوک. لێرەدا چەند ئامۆژگاریەکی سەرەکی دەخەینە ڕوو بۆ پشتگیریکردنی داهاتوویەکی تەندروست بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکەت:
_ ئامادەبوون لە پشکنینی پزیشکی: بۆ چاودێریکردنی گەشەکردنی منداڵە تازەلەدایکبووەكە. بۆ هەموو چاوپێکەوتنە تەندروستییە پێشنیار کراوەکان ئامادە بن، ئەم سەردانانە پێویستە بۆ زوو دەستنیشانکردنی هەر کێشەیەکی تەندروستی.
_ خەوتنی سەلامەت: پێویستە کۆرپە لەسەر پشت پاڵ بکەوێت و لەسەر دۆشەکێکی پتەو بخەوێت بەبێ بەتانی، بالیف، یان بووكەڵە و کایەکلێ؛ ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی مردنی لەناکاوی کۆرپە کەم دەکاتەوە.
_ شیرپێدان: سوودێکی زۆری هەیە بۆ کۆرپە، بەو پێیەی ماددە خۆراکییە پێویستەکانی بۆ دابین دەکات. ئەگەر کێشەی شیرپێدانت هەیە، چاودێرێکی ڕاهێنراو دەتوانێت یارمەتیت بدات لە زۆرێک لە کێشە باوەکان.
_ بەهێزکردنی پەیوەندی سۆزداری و کارلێککردن: لەگەڵ كۆرپەكەت كات بەسەر بەرە و یاری لەگەڵ کۆرپەکەت بكە. بەرکەوتنی پێست بە پێست و کارلێکی وەڵامدەرەوە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی سۆزداری نێوانتان و پشتگیری لە گەشەکردنی سۆزداری و مەعریفی کۆرپەکەت دەکات.
ناسینەوەی نیشانەکانی نەخۆشی: ئاگاداری ئەو نیشانانە بن کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ ئەوەی منداڵەکەت پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەبێت، وەک تا، بە زەحمەت هەناسەدان، ڕشانەوەی بەردەوام، سکچوون، یان بێهێزییەکی نائاسایی.
_ ئاگاداری تەندروستی خۆت بە: کاتێک هەموو سەرنجەکانت لەسەر کۆرپەکە بێت، لەوانەیە پێداویستییە تەندروستییەکانی خۆت پشتگوێ بخەیت. بەڵام گرنگیدان بە تەندروستی خۆت یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی خۆت و کۆرپەکەت. پشوو بدە، داوای پشتگیری بکە ئەگەر پێویستت پێی بوو، و داوای یارمەتی پزیشکی بکە ئەگەر هەستت بە ناڕەحەتی یان، دڵتەنگی، یان دڵەڕاوکێ کرد.
_ كۆرپەكەت چاودێری بكە: ئەگەر هەریەکێک لە نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەی تێدا دەرکەوت: تا؛ یان پەڵەیەک کە بە خێرایی لەسەر شێوەی بڕین بە چەقۆ سەر هەڵدەدات یان وەك خوێنەچۆڕە لە ژێر پێست دەچێت؛ یاخوود زۆرخەوتن و بە زەحمەت هەڵسان لە خەو؛ یان بەزەحمەت هەناسەدان (ڕەنگە لەکاتی هەناسەداندا خڕخڕی هەبێت)؛ یان نیشانەکانی زەردوویی (زەردداگەڕانی ڕەنگی پێست)؛ یان ڕشانەوەیەکی بەردەوام، ئەگەر سکچوونەکە خوێناوی بێت یان تای لەگەڵ بێت، یان نیشانەکانی وشکبوونەوە (کەم تەڕكردنی پەڕۆ و دایبی، وشکداگەڕانی دەم)

ڕۆژی جیهانیی تەندروستی ئەمساڵ ٢٠٢٥ دەرفەتێکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیدان بە تەندروستیی دایکان و تازەلەدایکبووان، نەک تەنها بۆ دڵنیایی لە مانەوەیان، بەڵکو بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ نەوەکانی داهاتوو. لە ڕێگەی هەوڵی هاوبەشەوە دەتوانین “دەستپێکردنێکی تەندروست بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش” بۆ هەمووان بەدەست بهێنین. ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر