قۆڕی یاخود دەوالیی گون بریتییە لە هەڵاوسان، یاخود فراوانبوون، یانیش كشانی تۆڕی خوێنهێنەری گونەكان، كە خوێنی رەش (بێهەناسە؛ بێئۆکسیجین) لە گونەكانەوە دەگوازێتەوە بۆ شاخوێنهێنەر و لەوێشەوە بۆ دڵ.
لە %10-15 کوڕی گەنج واتە تازەپێگەیشتوان قۆڕییان هەیە بە تایبەت لای چەپ، ئەو کەسانەی کێشەی قۆڕییان هەیە و پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، چەند ڕێگایەکی نەشتەرگەری هەیە بۆ چارەسەریان؛ د. تارق عەزیز ئاكرێیی ڕاوێژکار لە نەشتەرگەریی میزەڕۆ و دکتۆرا (بۆرد) لە نەشتەرگەریی گورچیلە، میزەڕۆ و نەزۆکیی پیاوان دەربارەی ڕێگاكانی نەشتەرگەریی قۆڕی، وای ڕوون دەكاتەوە:
1. ڕێگای هەناوبینکردنی سک (نازووری هەناو): سوودەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە برین و برینکاری ناکرێ و ئازار کەمترە.
2. ڕێگای قەستەڕە: ئەم جۆرەیان لە ڕێگەی قەستەرەی خوێنەوە دەکرێت.
3. ڕێگای برینکاری (فەتح) و بە چاو: کە ئێستاکە بە برینێکی بچووکی (٢.٥-٣) سانتیمی دەکرێت.
4. ڕێگای کردنەوە (فەتح) و بە مایکرۆسکۆپ: کە هەمان ڕێگای پێشووە، بەس لێرەدا لە جیاتی چاو، مایکرۆسکۆپ بەکار دەهێنین.
کام ڕێگا لە هەموو ڕێگاکانی تر باشترە؟ د. تارق عەزیز ئاكرێیی دەڵێ تا ئەمڕۆ، ڕێگای مایکرۆسکۆپ بە باشترین ڕێگا دادەنرێت بەراورد بە ڕێگاکانی تر، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
– کەمتر گەڕانەوەی قۆڕی، بەراورد بە ڕێگاکانی تر.
– نەبوونی مەترسیی ئاوهێنانی گون.
– نەبوونی مەترسیی پووکانەوەی گون پاش نەشتەرگەری.
گرنگ، توێژینەوەی زانستی دەریخستووە کە نەشتەرگەری بە مایکرۆسکۆپ، باشتر لە رێگاکانی تر، تۆم (سپێرم) دەگەڕێنێتەوە باری ئاسایی.
قۆڕی، لە چ قۆناغێکدا دەبێ بدرێتە بەر نەشتەرگەری؟ د. تارق عەزیز ئاكرێیی دەڵێت مەرج نییە هەموو قۆڕییەک پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت، بەڵام لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەدرێت :
1. ئەگەر کەسەکە لەبەر قۆڕی، ئازارێکی بەردەوامی هەبێت.
2. ئەو مێردمنداڵانەی قەبارەی گونیان بچووک بۆتەوە.
3. ئەو کەسانەی قۆڕی کاری کردۆتە سەر جووڵە و رێژە و شێوەی تۆم (سپێرم)ـیان و بۆتە هۆکاری نەزۆکییان.
ماكوان عيززهت-هەولێر