نەخۆشینی پاقلە چییە و ئەو خواردنانە چین، کە نابێت بخورێن

نەخۆشینی پاقلە نەخۆشینێکی بۆماوەییە، بە هۆی کەمی ئەنزیمێکی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە ڕودەدات، بەزۆری لە کوڕاندایە، بەڵام هەندێ جار کچانیش دەگرێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی ئەنزیمێك دروست دەبێت كە خرۆكە سوورەكان دەپارێزێت لە شیبوونەوە.

نەخۆشینی پاقلە چییە؟
د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان، ئاماژەبەوە دەكات، نەخۆشینی پاقلە بریتیە لە نەبوونی ئەنزیمێك لە خڕۆكە سوورەكانی خوێندا كە دەیان پارێزێت لە شیبوونەوە لە كاتی خواردنی هەندێ جۆر خواردن و دەرمان، یان لە كاتی هەوكردن بە ڤایرۆس یان بەكتریا.
ئەو جۆرە نەخۆشینە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ؛ لە ڕێگەی کرۆمۆسۆمی(X) ـەوە، كەواتە منداڵی كوڕ زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشینە دەبێت ئاخر هەر یەك کرۆمۆسۆمی (X)ـی هەیە، بەڵام بۆ تووشبونی كچ پێویستە هەردوو کرۆمۆسۆمەكە هەڵگری نەخۆشینەكە بن یان یەكێك لە کرۆمۆسۆمەكان چالاك نەبێت.

نیشانەكان
د. پشدەر عەبدوڵا دەشڵێت: نیشانەكانی ئەم نەخۆشینە کەمتر دەردەكەون لە حاڵەتی هەبوونی نەخۆشینەكەشدا، بەڵام ئەگەر نیشانەكانی دەركەوتن بە یەكێك لەم ڕێگایانە دەبێت:
– لە تازەلەدایكبوواندا بە شێوەی زەردوویی و كەمخوێنی.
– لە گەورەییدا زەردوویی دەگرێت و، خوێنی كەم دەكات بە شێوەیەكی كوتوپڕ، ڕەنگی كاڵ دەبێتەوە و ڕەنگی میزەكەی تۆخ وەك چای لێ دێت لە دوای خواردنی یەكێك لەو خواردن یان دەرمانانەی لە خوارەوە باسی دەكەین، یان هەوكردنی هەبێت.
د. پشدەر دەڵێت زۆر و كەم دەركەوتنی نیشانەكان دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆری خواردن و دەرمانەكە، بڕی خواردنەكە یان بڕی دەرمانەكە، یان بڕی نەبوونی ئەنزیمەكە لە منداڵەكەدا، لە كاتی خواردنی ئەم خواردن و دەرمانانەدا شیبوونەوەی خڕۆكە سوورەكان دروست دەبێت؛ وەك:
1. هەندێ جۆر دەرمان وەكو هەندێ دژەبەكتریا، دەرمانی چارەسەری مەلاریا، ئەسپرین، پاراسیتامۆڵ.
2. هەندێ ماددەی كیمیایی وەك بەنزین و نافسالین .
3. هەوكردنی بەكتریایی یان ڤایرۆسی.
4. تەنها ئەو كەسانەی ئەو جۆرە نەخۆشینەیان هەیە بە خواردنی پاقلە تووشی كەمخوێنی دەبن، ئەگەری هەیە بە بۆنی باقلەش تووش ببن.
ئەو پزیشكە دەشڵێت: هەندێ خواردن و خواردنەوە و دەرمانی تر هەن ئەگەری هەیە خوێن شی بكاتەوە، بەڵام وەك پاقلە هۆكاری سەرەكی نییە؛ وەكو: نیسك، فاسوڵیا، نۆك، گەنمەشامی، ساسی كەچاپ، خواردنی پارازتە (لەقوتوونراو)، شەربەتی گیراوە، ئاوی بیر، خەنە، ئیندۆمی، ماجی، مەعجوونی ددان، دۆشاوی تەماتە، چا و، هەندێ بابەتی تر.

ئایا كەسی نووشبوو چاك دەبێتەوە
ئەو پزیشكە دەربارەی چارەسەری نەخۆشینەكەوە دەڵێت: “ئەو نەخۆشینە چاكبوونەوەی نییە لەگەڵ تەمەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەكانی كەمتر دەردەكەوێتەوە، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خوێنەوە بێت لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا.

ئەو خواردنانەی کەسی تووشبووی نەخۆشینی پاقلە، نابێ بیخوات:
یەکەم/ پاقلە و هەندێک جار بۆنی پاقلەش دەبێتە هۆی کەمخوێنی، (ئەمە تەنها لەو مناڵانەدا ڕوو دەدات، کە نەخۆشینێکەیان هەیە و مناڵی ئاسایی بە پاقلە نووشی کەمخوێنی نابێت.
دووەم/ پاقلەمەنیەکانی دیکەی وەک نیسک، نۆک، ماش، فاسۆلیا، سۆیا، لە هەندێک لەو مناڵانەدا شیبوونەوەی خوێن دروست دەکات، لەبەر ئەوە دەبێت بە ئاگادارییەوە بدرێت بە مناڵەکە.
سێیەم/ ئاوی بیر.
چوارەم/ ئەو خواردن و خواردنەوانەی ڕەنگی دەستکردی تێدایە؛ وەک: مژمژە (مەساسە)، شەربەتی گیراوە و تۆز.
پێنجەم/ بۆنی خەنە
شەشەم/ بۆنی بەنزین
حەوتەم/ هەندێک دەرمان؛ لەبەر ئەوە لە کاتی نەخۆشیدا پزیشک ئاگادار بکەرەوە لەوەی کە مناڵەکەت نەخۆشینی پاقلەی هەیە.
هەشتەم- هەروەها ئەو دەرمانانەی ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین (K) و ڤیتامین (C)ـیان تێدایە و بە خواردنی ئەو سەوزە و میوانەی ئەم ڤیتامینانەیان تێدایە، هیچ کێشەیەک دروست نابێت.
ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر