د. کەیفی زیرەك کەمال *
ئەڵقەی سێزدەم
لە سەردەمی ئێستادا، سەرەڕای بەرەوپێشچوونی زانستی پزیشکی، قەڵەوی بۆتە کێشەیەکی زۆر گەورە و لە سەرانسەری جیهان خەڵکی بە دەستیەوە دەناڵێنن، ئەو کێشەیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بە تەواوی پەرەی سەند و دوای فراوانبوونی پیشەسازی خۆراك گەیشتە لوتکە، تا ئێشتاش ئەو لوتکەیە لە بەرزبوونەوە دایە.
ڕێژەی قەڵەوی لە ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٢ بۆ تەمەنی ٢٠ تا ٧٤ ساڵ دەگەیشتە نزیکەی ١٦%، وەلێ ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ بەرزبۆوە بۆ ٣٥%، واتا لە ماوەی ٤٠ ساڵدا زیاتر لە دوو ئەوەندە زیادی کرد!
قەبارەی ئەم کێشەیە بە ڕادەیەك گەورەیە کە لە ساڵی ٢٠١٦ تەنها لە ئەمەریکا، بە نزیکەیی بڕی ٢٦١ ملیار دۆلار سەرف کراوە لەو کێشە تەندروستیانەی بە هۆی قەڵەویەوە ڕودەدەن، وەك نەخۆشیەکانی دڵ و لولەکانی خوێن و نەخۆشی شەکرە.
بەر لەوەی بـچمە ناو کڕۆکی بابەتەکە، دەمەوێ ڕایبگەیەنم کە نوسینەکەم ڕەنگدانەوەی بۆچونەکانی خۆمە و دەکرێت سەرلەبەری هەڵە بێت، هەروەها بە ڕاشکاوی دەیڵێم کە بیروباوەڕم لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ زانستی سەردەم دژیەکیان هەیە.
زانستی سەردەم پێمان دەڵێت کە زۆر هۆکار هەن بۆ قەڵەوی، لەنێویاندا بۆماوە (لە باوانەوە)، قەلەقی و فشارە دەرونیەکان، تێکچوونە هۆڕمۆنیەکان، لەگەڵیاندا خۆراکی ناتەندروست و کەمی وەرزشکردن و خەوی ناتەندروست، وەلێ ئەمن هاوڕا نییم!
ئەگەر کێشەی قەڵەوی زۆر بە سادەیی و بێ ئەملا و ئەولا باس بکەین هۆکارە سەرەکیەکەی نە بۆماوەییە، نە قەلەقی و سترێسە، نە خەتای هۆڕمۆنەکانە، بەڵکو هۆکارە سەرەکیەکەی بە پلەی یەکەم خۆراکی ناتەندروستە، پاشان کەمی جولە و ناڕێکی خەو، واتا هۆکارەکەی تەنها شێوازی ژیانی ناتەندروستە و هیچی تر.
با تۆزێك زیاتر وردبینەوە، زۆرجار دەڵێن قەڵەوی بۆماوەییە، سەیری فڵان خێزان بکەن هەموویان قەڵەون! بێئاگا لەوەی فڵان خێزان هەموویان هەمان شێوازی ژیانی ناتەندروست لە خۆراك و خەو و کەمی جوڵە پەیڕەودەکەن، هەمان خێزان ئەگەر بگەڕێیەوە سەر بنەچەیان دەبینی لەنێو باوباپیرانیان ئەم قەڵەویە بوونی نەبووە، چونکە هەروەك باسکرا، لە دوای نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەم ئەو لافاوی قەڵەوبوونە دەستی پێکرد.
بەشێکی دیکە سترێس و قەلەقی بە هۆکاری سەرەکی قەڵەوی دەزانن، دەپرسم ئەگەر وایە بۆ خەڵکی لەسەرانسەری جیهاندا، لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم قەڵەو نەبوون؟ یان بۆ لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس و شەڕی عێڕاق و ئێران و هەڵاتنە گەورەکەمان بۆ ئێران خەڵکی کوردستان قەڵەو نەبوون؟ ئەوکات ترس و سترێس و قەلەقی بوونی نەبوو؟
لە لایەکی دیکە، یەخەی هۆرمۆنە داماوەکانمان گرتووە و تێکچونی ئەوان بە هۆکاری قەڵەوبوون دادەنێین! لە کاتێکدا قەڵەوی هۆکارە بۆ تێکچونی هۆڕمۆنەکان نەك بە پێچەوانەوە!
ئـێمەی مرۆڤ بە گشتی تەمبەڵین، حەزدەکەین هەر کێشەیەك کە دێتە پێشمان هۆکارەکەی لەسەر خۆمان لاببەین و بـیخەینە سەر شتێك کە لەژێر دەستمان نییە، ئەوکات هەست بە تاوان ناکەین و بە ئاسودەیی لێی پاڵدەکەوین، هەر لەبەر ئەمەیە هۆکاری قەڵەوی دەخەینە سەر هەمووشتێك تەنها بۆ ئەوەی خۆمان لەو ڕاستیە بدزینەوە کە هۆکاری قەڵەوی شێوازە ناتەندروستەکەی ژیانمانە.
*پزیشکی گشتی