بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان کارەکانی نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە خێراتر دەکرێن

بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان کارەکانی نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە خێراتر دەکرێن

گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر، كار لێی بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێت پێش وادەی دیاریكراوی كارەكانی تەواو بكرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكان و لەنزیكەوە ئاگه‌داربوون لە چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردن و قۆناغەكانی دروستكردنی باڵەخانەكە، سەردانی پرۆژەی دروستكردنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجەی لە هەولێر كرد.

وەزیری تەندروستی بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرد و ئامادەییی هەموو جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكی بۆ تیمی ئەندازیاریی پرۆژەكە دەربڕی، بۆ ئەوەی كاركردن لێی بە باشی بەڕێوە بچێت و لە وادەی خۆیدا تەواو بكرێت.
١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر ڕووبەری ٣٠هەزار مەتر چوارگۆشە، لە شاری هەولێر دانا، كە لە ١٥٠ تەختی خەواندن و ١٠٠ تەختی چارەسەری كیمیایی پێك دێت و سەرجەم پێداویستییه‌ پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت.
شایانی باسه‌ لە نەخۆشخانەكەدا، تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئێم‌ئاڕ‌ئای، سی‌تی‌سكان، پی‌ئی‌تی‌سكان (A positron emission tomography (PET) scan)، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندانی دیكە بەردەست دەبن.
ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر