ئامۆژگاری بۆ ئافرەتانی دووگیان لە كاتی ڕۆژوودا

دکتۆرە پۆیلە حەبیب زەنگەنە، دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی و چاودێریی دووگیان، ئامۆژگاریی ئافرەتانی دووگیان دەكات لە كاتی ڕۆژووگرتندا ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بكەن:

1- ئاوی پێویست بخۆنەوە؛ هەشت تا دە پەرداخ ئاو لە نێوان بەربانگ و پارشێو بۆ ئەوەی لە وشکداگەڕان بەدوور بیت.
2- خواردنی ژەمی سووک وەک (سەوزەوات، میوە و گوێز) لە نێوان بەربانگ و پارشێودا.
3- پارشێوانت دەوڵەمەند بکە بە پرۆتین و ڕیشاڵ ( هێلکە، خورما، پاقلەمەنی، ماست، مۆز) باشترە نیو سەعات پێش بانگی بەیانیان بخورێت، تا بە درێژایی ڕۆژ وزەت بۆ دابین بکات.
4- دەمپارێزی بکە لە خواردنی چەور و فاست فوود و سوورەوەکراو بۆ ئەوەی نەبنە هۆی دڵەکزێ یان تێکچوونی گەدە.
5- ئەو ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکیانەی کە پزیشکەکەت بۆی نووسیوی لەبیر مەکە.
6- دەمپارێزی بکە لە خواردنی شیرینی؛ چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا و دواتر کەمبوونەوەی لەناکاو، ئەمەش دەبێتە هۆی برسیەتی و سەرەگێژە.
7- ڕۆژدا ئارام بگرە و خۆت مەڕەتێنە، با شەکەت و هیلاک نەکەویت.
د. پۆیلە زەنگەنە ئامۆژگاری ئافرەتانی دووگیان دەكات كە ئەگەر هەستیان كرد بە سەرەگێژە و پڕووکان، یان کۆرپەلەکەت کەمتر جووڵەی هەبوو، ئەوا دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.
ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر