ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، خولێكی فێركاریی “چۆنیەتی ڕزگاركردن و فریاكەوتن لە شاخ” بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردەوە.
بەشی تەكنیك و فێركاری لە ناوەندی سۆران – فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، خولێكی فێركاری “چۆنیەتیی ڕزگاركردن و فریاكەوتن لە شاخ” بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كردەوە.
دانیاڵ نەبی مزەفەر، بەرپرسی ناوەندی سۆران- فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ “هەولێر” ڕایگەیاند، ساڵانە و لە ناوچە شاخاوییەكانی دەڤەری سۆران و ناوچە شاخاوییەكانی دەڤەری باڵەكایەتی، بەداخەوە زۆر جار ڕووداوی ناوخۆشی ھەڵدێران لە شاخ و مردنی ھاونیشتمانیان لە ناوچە كوێستانییەكان دێتە پێشەوە، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ڕووداوانەدا، لە زانستی شاخەوانیدا كۆمەڵێك بنەمای زانستی و ئەكادیمی ھەن كە لەبەرچاوگرتنیان كارئاسانییەكی باش دەبێت بۆ تیمەكانی فریاكەوتن و ڕزگاركردن بۆئەوەی كارەكەی خۆیان بەشێوەیەكی سەركەوتوانە و بێزیان ئەنجام بدەن.
بەرپرسی ناوەندی سۆران گوتیشی “خولەكە دوو ڕۆژی خایاند كە تیایدا تیمەكانی بەرگری شارستانی لە قەزا و ناحییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشدارییان تێدا كرد و چەندین بابەتی زانستی پەیوەست بە چۆنییەتی فریاكەوتن و ڕزگاركردن لە ناوچە كوێستانییەكان، بۆ بەشداربووانی ئەم خولە شی كرانەوە”.
ڕۆژی یەكەمی خولەكە بە شێوەی تیۆری و ڕۆژی دووەمیش بە شێوەی پراكتیكی لەناو سرووشت بەڕێوە چووە كە جێی ڕەزامەندیی بەشداران بوو.
لەلایەن خۆشیەوە، “كاروان میراودەلی” بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كرد بۆ بەڕێوەبردنی ئەم خولە پڕ زانیارییە كە بۆ یەكەم جارە لەو دەڤەرەدا خولێكی لەم چەشنە بەڕێوە بچێت.
راگەیاندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە كە بابەتەكانی ئەم خولە، مامۆستا “دانیاڵ نەبی مزەفەر” بەرپرسی ناوەندی سۆرانی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان و مامۆستا “مەولوود مستەفا” بەرپرسی بەشی تەكنیك و فێركاری ناوەندی سۆران، پێشكەشیان كرد.