جگەر ئەندامێکی گەورە و زۆر گرنگ و سەرەکی لەشە و دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک لە ژێر پەراسووەکانی لای ڕاست.
جگەرگەورەترین ئەندامی ناوەکی لەشە، جگەر تاکە خانەیە کە توانای دروستبونەوەی هەیە، بەڵام ئەگەر بەشێکی زۆری نەمابێت ئەوکاتە ئەم کردارە قورس دەبێت. د. هێمن مەحموود محەمەد پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەریی کۆئەندامی هەرس و گرێ شێرپەنجەییەکان باس لە هۆكاری هۆکارەکانی گەورەبوون و ئاوسانی جگەر دەکات.
د. هێمن مەحموود سەرەتا ئەوە ڕووندەكاتەوە كە قەبارەی جگەر بە پێی تەمەن و ڕەگەز و قەبارەی جەستە دەگۆڕێت، لەکاتی ساغی و تەندروستییا هەستی پێ ناکرێت لەسەر ڕووی سک، بەڵام زۆر حاڵەت دەتوانێت ببێتە هۆی گەورەبوونی، لەوانە:
١- نەخۆشییەکانی جگەر خۆی:
وەک نەخۆشی بەمۆمبوونی جگەر، نەخۆشیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر A,B,C یان نەخۆشییەکانی تری جگەر وەک کۆبونەوەی چەوری زۆر لەسەر جگەر یان نەخۆشی وێڵسۆن و نەخۆشی گاوچەر، کیسی ئاوی سەر جگەر، وەرەم و گرێی جگەر خۆی چ شێرپەنجەیی بێت چ ناشێرپەنجەیی.
٢- کێشەی ئەندامەکانی تر کە ئەگوازرێتەوە بۆ جگەر وەک:
گیران و ئاوسانی زراو و بۆرییەکانی زەرداو، گرێی شێرپەنجەیی کە کە لە بەشێکی تری لەش دەست پێدەکات و بۆ جگەر بڵاو دەبێتەوە، شێرپەنجەی خوێن و لیمف( لۆکیمیا و لیمفۆما)، کێشەی دڵ و خوێنبەرەکان وەک گیرانی ئەو خوێنبەرانەی کە خوێن بۆ جگەر دەبەن (نەخۆشی Budd-chiari syndrome) سستبوونی دڵ، هەوکردنی شانەکانی دەوروبەری دڵ (هەوکردنی دڵ).