پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی هاوسەنگ باشترین ڕێگایە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ڤیتامین و کانزایانەی کە جەستەت پێویستی پێیەتی، بەڵام لە کاتی دووگیانیدا، دایک و کۆرپەلە پێویستییان بە ڤیتامیناتی زیاترە هەم بۆ تەندروستی دایک و هەم بۆ گەشەکردنی کۆرپە.
دکتۆرە کەژان کاوە تەها دکتۆراە (بۆرد) لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی باشتریین ڤیتامینەکان لە ماوەی دووگیانی ڕووندەكاتەوە:
* ترشی فۆلیک ڤیتامین (بی نۆ): یارمەتی ڕێگریکردن لە کەموکوڕیەکانی بۆری دەمار دەدات.
* ماددەی ئاسن: ڕێگری لە کەمخوێنی دەکات، ژەمی پێشنیارکراو ٢٧ میلیگرام ڕۆژانە.
* کالیسیۆم: یارمەتی گەشەکردنی ئێسک و ددانی منداڵ دەدات، ژەمی پێشنیارکراو 1000 میلیگرام ڕۆژانە.
* ڤیتامین دی، یارمەتی هەڵمژینی کالیسیۆم دەدات بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکان و کارکردنی بەرگری لەش، ژەمی پێشنیارکراو 600 IU ڕۆژانە.
* ترشی چەوری ئۆمیگا سێ: پشتگیری گەشەی مێشک و چاوی منداڵ دەکات، ژەمی پێشنیارکراو 200-300 میلیگرام ڕۆژانە.
* یۆد: پێویستە بۆ گەشەکردنی مێشک و غودەی منداڵ، ژەمی پێشنیارکراو ٢٢٠ مایکرۆگرام ڕۆژانە.
* ڤیتامین سی: سیستەمی بەرگری لەش بەرز دەکاتەوە و هەڵمژینی ئاسن زیاد دەکات، ژەمی پێشنیارکراو ٨٥ میلیگرام ڕۆژانە.
د.کەژان کاوە ئامۆژگاری ئافرەتانی دووگیان دەكات لەوەی زۆربەی ڤیتامینەکانی پێش لەدایکبوون ئەم ماددە خۆراکیانەیان تێدایە، بەڵام هەمیشە پێش دەستپێکردنی هەر تەواوکەرێک ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.