دڵەکزێ یاخود دڵەکزە بریتییە لە گەڕانەوەی تامی ترشی بۆ گەروو و گەڕانەوەی خواردن یان هەستکردن بە بۆنی خۆراک و گەڕانەوەی بۆ گەروو.
لە كاتی دڵەکزێ كەسەكە هەست بە سووتانەوەی سنگ دەكات، لەبەر گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سەرەوە؛ ئازارەکە لە پشت کۆڵەکەی سنگەوە هەست پێ دەکریت لە ناوەندی سنگدا، دەکرێک بگاتە مل و قوڕگ. لە کاتی پاڵکەوتن لەسەر لای ڕاست یاخود چەمانەوە ئازارەکە توندتر دەبێت، هەروەها لە کاتی دووگیانی زۆربەی ئافرەتان بە هۆی گەشەکردنی کۆرپەلەوە ناوبەناو تووشی دڵەکزێ دەبن ئەمەش لە چەند خولەکێکەوە تا چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت.
1. بە هۆی نزیكیی نیشانەكان، هەندێك كەس دڵەكزێ و جەڵتە جیا ناكەنەوە؛ لەو بارەوە دكتۆرە زەینەب محەمەد بابان پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشیەکانی هەناو لە بارەی كە چۆن ئازاری دڵەکزێ جیا بکەینەوە لە جەڵتە ڕوونی دەكاتەوە كە جۆری ئازارەکە زۆر گرنگە لە دیاریکردنی نەخۆشیەکە:
1- گەر لە دوای خواردنی توون و تیژ، هەستمان بە ئازار کرد ڕەنگە نیشانەی دڵەکزێ بێت .
2- گەرهاتو لە کاتی ڕۆیشتندا هەست بە ئازاری سنگ کرا، ئەوا پەیوەندیی بە دڵەکزەوە نییە، چونکە دڵەکزێ لە هەموو بارودۆخێکدا بەردەوامە بە پێچەوانەوە گەر تەنها لە کاتی ڕۆیشتندا بوو ئەوا ڕەنگە نیشانەی جەڵتەی دڵ بێت.
3- لە کاتی دڵەکزێ تەنها لە ناوەڕاستی سنگدا هەست بە ئازارەکە دەکرێت، گەرهاتو ئازارەکە گوازرایەوە بۆ شان و مل و بەشی پشتەوەی سنگ بە تایبەت بەرەو لای چەپ، ڕەنگە نیشانەی جەڵتە بێت.
4- دڵەکزێ عارەقەکردنی لەگەڵدا نییە؛ بە پێچەوانەوە جەڵتەی دڵ عارەقەکردنی لەگەڵدایە.
5- تەمەن زۆر گرنگە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە بە شێوازێکی گشتی لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵانەوە ئەگەری ڕوودانی جەڵتە زیاترە، هەربۆیە گرنگە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانیکردنی پزیشک پشتگوێ نەخرێت .
بۆ ئەوانەی گرفتی دڵەكزێیان هەیە دەتوانن لە ماڵەوە بەم ڕێگایانە چارەسەری بكەن:
١- دابەزاندنی کێش چونکە لە کەسی قەڵەودا پەستانی زیاتر لەسەر گەدە دروست دەبێت کە ئەگەری گەڕانەوەی خۆراک بۆ سەرەوە (سوورێنچک) زیاتر دەبیت.
٢- کۆنترۆڵکردنی جۆری خۆراک: دەمپارێزی لەو خۆراکانەی دەبنە هۆی دڵەکزێ وەک شەربەتی پرتەقاڵ، ئارەقەمەنی، قاوە، مزرەمەنییەکان بەگشتی، خۆراکی چەور و سوورەوەکراو.
٣- لە کاتی خەوتندا، سەر نەوی نەبێ و، بالیف بەرز بێت، با ترشەڵۆکی گەدە نەگەڕێتەوە بۆ سەرەوە.
٤- وازهێنان لە جگەرە، چونكە جگەرە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو زمانەیەی کە لە بەشی خوارەوەی سوورێنچکدایە بە باشی كاری خۆی نەکات و، ببێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سەرەوە.
٥- بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە هاوسەنگیی ترشێتی و تفتێتیی گەدە دەکەن چونكە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدە.
ئەو دەرمانانەی کە ڕێگری لە دەردانی ترشێتی گەدە دەکەن دەتوانرێت لەژێر ڕێنماییی پزیشک وەربگیرێت، هەربۆیە زۆر دەرمان هەن کە پێویست دەکات لەژیر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ بەکار بهێندرێن.