د. جیڤارا حەمەڕەشید پسپۆڕی نەشتەرگەری دڵ و بۆرییەکانی خوێن ئامۆژگاریی ئەو كەسانە دەكات كە نەشتەرگەریی دڵیان بۆ كراوە، پاش نەشتەرگەرییەكە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بكەن:
1. ڕۆیشتن و جووڵەی ئاسایی کە هەفتەی سێ جار پێویستە ئەنجام بدرێت و هەرجارە لە نیو کاتژمێر کەمتر نەبێت، هەروەها پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی پزیشکی نەشتەرگەر.
2. هەندێک جار پاش نەشتەرگەری چارەخوازەکە قاچی دەئاوسێت لەم کاتەدا پێویستە گۆرەوی تایبەت وەک گۆرەوی دەوالی بەکاربهێنێت بۆ ماوەی ٤ بۆ ٦ هەفتە و بەدرێژایی رۆژ هەروەها بەرزکردنەوەی هەردوو قاچ بە جۆرێک کە لە ئاستی دڵ بەرزتر بێت، ئەمەش یارمەتیی کەمبوونەوەی ئاوساویەکە دەدات بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی ٦ بۆ ٨ هەفتەدا ئەم ئاوساویە باش دەبێت و نامێنێت.
3. هەڵگرتنی کێشی زیاد قەدەغەیە و، نابێ لە ٤.٥ کیلۆگرام زیاتر بێت؛ ماوەی دوو مانگ پشوو بدات و، خۆی ماندوو نەکات بە کاری ڕۆژانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێسکی قەفەزی سنگ کە بۆ نەشتەرگەریەکە کراوەتەوە بە باشی یەک بگرێتەوە.
4. ماوەی مانگێک شۆفێری نەکات؛ دوای ئەوکاتە ئاساییە.
5. پاش شەش هەفتە نەخۆشەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر کاروباری ڕۆژانەی خۆی بە مەرجێک كارەكەی نەبێتە هۆی پەستان خستنەسەر سنگی.
6. واز هێنان لە جگەرە کێشان بە یەکجاری و بەکارهێنانی دەرمانەکانی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و وەرزشکردن بە شێوەیەکی ڕۆتین و پابەندی بە ڕێنماییەکانی پزیشکی نەشتەرگەر.
7. پاراستنی کێشی لەش لە قەڵەوی و خواردنی سەوزە و میوەی زۆر.
8. پێویستە فشاری خوێن و رێژەی شەکر لە ئاستی ئاساییدا جێگیر بکرێت و بەرز نەبێ.
9. پابەندی بە وادەی سەردانەکانی داهاتوو بۆلای پزیشک لە کاتی خۆیدا و، ئەنجامدانی پشکنینی پێویست بۆ دڵنیایی لە نەشتەرگەریەکەت.