چ بکەین منداڵ بەبێ ترس لەسەر جێگاکەی بخەوێت؟

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

چۆن منداڵەکەم بە تەنیا لەسەر جێگاکەی بخەوێت؟ بەشێكی خێزانەكان گرفتارن بەهۆی ئەوەی منداڵەكانیان ئامادەنین لەسەر جێگاکانی خۆیان بخەون. هەوڵدان بۆ ئەوەی منداڵەکەت لەسەر جێگاکەی خۆی بخەوێت هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی سەربەخۆیی خۆی و پێدانی هەستێکی ئارامی لە ژووری نوستنەکەی خۆیدا، دوور لە پشتبەستنی بەردەوام بە ئەوەی دایک و باوکیان لە دەوروبەری بن.

بۆچی منداڵ بۆ خەو، ناچێتە سەر جێگاکەی خۆی؟
هۆکاری زۆر هەیە کە منداڵ ڕەتی دەکاتەوە لەسەر جێگاکەی خۆی بخەوێت. دیارترینیان ترسی دابڕان لە دایک و باوکیەتی، بە تایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانیدا.
منداڵ لەوانەیە لە باوەشی دایکیدا هەست بە سەلامەتی بکات یان لە کاتی خەوتن لە نزیک باوکی، بۆیە گواستنەوە بۆ سەر جێگاکەی خۆی ڕەنگە ببێتە هۆی هەستکردن بە دڵەڕاوکێ یان ترس. جگە لەوەش لەوانەیە ئەم کێشەیە پەیوەندی بە هەندێک گۆڕانکاری لە ژیانەوە هەبێت، وەک هاتنی کۆرپەی تازە یان گواستنەوە بۆ ژوورێکی نوێ، ئەمەش وا دەکات ناڕەحەت بێت لە خەوتن بە تەنیا. هەروەها ترسی منداڵ لە شوێنی تاریک یان دەنگی نامۆ، لەوانەیە هۆکارێکی دیکە بێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ جێگاکەی ڕەت بکاتەوە.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ترسی منداڵەکەم بکەم لە خەوتن؟
ترس لە خەوتن لەوانەیە هۆکارێکی سەرەکی بێت لە پشت ڕەتکردنەوەی منداڵ لەسەر جێگاکەی، بەڵام دەتوانرێت بە چەندین شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم هەستەدا بکرێت. بۆ چارەسەرکردنی ترسی منداڵ لە خەوتن، پێویستە لە ترسەکانی تێبگەین و پاڵپشتی دەروونی و سۆزداری پێویستی بۆ دابین بکرێت. یەکەم هەنگاو ئەوەیە لەگەڵ منداڵەکەت قسە بکەیت کە چی دەیترسێنێت کاتێک دەخەوێت. ڕێگەدان بە دەربڕینی نیگەرانییەکانی دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ چارەسەرکردنیان. لەوانەیە بۆت دەرکەوێت کە ئەو لە تاریكی یان خەیاڵییەکان دەترسێت و بەم شێوەیە دەتوانرێت چارەسەری گونجاو بۆ هەر کێشەیەک دابین بکرێت. بەکارهێنانی گڵۆپی شەوانە لەگەڵ ڕووناکییەکی کەم دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی ترسی منداڵ لە تاریکی. هەروەها گێرانەوەی چیرۆکە هێورکەرەوەکانی پێش خەوتن دەتوانێت ڕێگەیەکی نایاب بێت بۆ ئەوەی سەرقاڵی بکات لە نیگەرانییەکانی و سەرنجی بگۆڕێت بۆ شتێکی ئارامکەرەوە. جگە لەوەش دەتوانین منداڵ فێری هەندێک تەکنیکی پشوودان بکەین؛ وەک: هەناسەدانی قووڵ پێش خەوتن، یان تەنانەت هەندێک یاریی ئارامکەرەوە، بووکەڵەی بۆ دابین بکرێت کە دەنگی ئارامکەرەوەی لێ دێت بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات. ئەم ئامرازانە هەستی ئارامشی منداڵ بەرز دەکەنەوە و وا دەکات هەست بکات خەوتن ئەزموونێکی ترسناک نییە. لە کۆتاییدا پێویستە دایک لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترسی منداڵدا بەهێز و متمانەبەخۆبوون بێت. پشتگیری دەروونی و وشەی هاندەرانە و ورەی پێ بڵێت؛ ئەمەش متمانەبەخۆبوونی منداڵ و توانای خەوتنی بە تەنیا زیاتر دەكات.لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕاهاتنی منداڵ بە خەوتن لە سەر جێگاکەی خۆی پرۆسەیەکە کە پێویستی بە پشوودرێژی و کۆڵنەدان هەیە.