ئەژین عەبدوڵا – ههولێر
بە شێوەیەکی گشتی لەشی هەموو خانمێک و دەموچاویشی بە موویەکی نەرم داپۆشراوە؛ ئەم مووانە مووی نەرم و کاڵن و نابنە هۆی بێزارکردنی خانمان.
بەڵام بەشێک لە خانمان موویەکی زۆر یان هەیە هاوشێوەی مووی پیاوان و، جۆری مووەکان زبرن و، ڕەنگیان تیر و تۆخە، بەتایبەتی لە دەموچاو، لەسەر لێوی سەرەوە، چەناگە، مل، پشت، سک، ڕان.
د. خێڵان كەریم بەرزنجی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی و چاودێری دووگیانی، دەربارەی هۆکارەکانی مووی زیادەی خانمان هۆكارەكان ڕوون دەكاتەوە.
د. خێڵان كەریم بەرزنجی ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم مووە زیادانە، بە نەرێنی کار دەکاتە سەر ژیان و باری دەروونی ئەم خانمانە و، هەندێ جار ئەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. هەربۆیە کۆمەڵێگ ڕێگا ئەگرنە بەر بۆ کەمکردنەوە و لابردنی.
دەربارەی هۆکارەکانەوە دەڵێت: هۆکارە سەرەکییەکەی ئەم حاڵەتە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆرمۆنی ئەندرۆجینە، یان هەستیارتربوونی لەشە بە هۆرمۆنی ئەندرۆجین؛ گرنگترین هۆکارەکانیش ئەمانەن:
* فرەکیسیی هێلکەدان؛ فرەکیسی بریتییە تێکچونی هۆرمۆنەکان لە ئافرەتاندا، بەگشتی لە تەمەنی ١٥ بۆ ٤٤ ساڵاندا روو دەدات.
* کۆنیشانەی کوشن: نەخۆشیی ڕژێنی سەرگورچیلە.
* وەرەمی گلاندی ئەدریناڵ: کە ئەبێتە هۆی زیاد دەردانی هۆرمۆنی ئەندرۆجین .
* وەرەمی هێلکەدان: هەندێک جۆری کیسی هێلکەدان هۆکارە بۆ دروستبوونی هۆرمۆنی ئەندرۆجین .
*دەرمان: بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕێژەی هۆرمۆنەکان و دروستبوونی مووی زیادە .
*نەخۆشی شەکرە: بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی ئینسۆلین دەبێتە هۆی هەڵکشانی رێژەی هۆرمۆنی ئەندرۆجین .
* بەبێ هۆکار: هەندێک جار هیچ هۆکارێک لەمانەی سەرەوە نییە و خانمەکە مووی زیادەی هەیە.