هۆشداریی لەبارەی بەکارهێنانی هۆرمۆنی میلاتۆنین دەدرێت

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەکارهێنانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین (جێڵی خەو) هۆشداری دەدات.

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی تایبەت، ڕێنمایی بەکارهێنانی دەرمانی میلاتۆنین بۆ  خەولێکەوتن (جێڵی خەو) (Melatnin Gummies)، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

لە خاڵێکی ڕێنماییەکەی وەزارەتی تەندروستییدا هاتووە، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی میلاتۆنین لەگەڵ هەر دەرمانێک کە ماددەی (Passiflora) تێدا بێت بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵی.

هەروەها منداڵی تەمەنی خوار 18 ساڵی نابێت ئەم دەرمانە بەکار بهێنێت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆر و، بۆ منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵی نابێت به هیچ شێوەیەک ئەم دەرمانە بەکار بێت.

لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە، دابینکردن و کڕینی ئەم دەرمانە دەبێت تەنیا له دەرمانخانەکان بێت و مەرجە کەرتی  وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمانی لەسەر بێت.

وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەش كردووه‌، پابەندبوون بە بەکارهێنانی دروست بۆ هەر دەرمانێک کە ماددەی میلاتۆنینی تێدا بێت بە کەمترین ژەم، 20 تاوەکو 60 خولەک پێش کاتی نووستن بەکار بهێنرێت و وا باشترە دوو کاتژمێر یان زیاتر دوای دوا ژەمی خواردن بێت.

وەزارەتی ته‌ندروستی هاووڵاتییان هۆشیار دەکاتەوە و ڕایده‌گه‌ێنێت، پێویستە ئاگادار بن لە کاتی بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە کاریگەرییان لەسەر سیستەمی (CNS) لە لەشی مرۆڤ هەیە و، بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە ڕاوێژی پزیشکی پسپۆر هەیە.