بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بانکی خوێن لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت: هێندە یەدەگی خوێنیان هەیە، ژمارەی پێوانەییان لەسەر ئاستی کوردستان تۆمارکردووە و پێویستییان بە بانگەوازی بەپەلە نییە بۆ دەستکەوتنی خوێن.
شەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2025، هاوکار قەرەداغی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بانکی خوێن لە هەولێر ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو 72501 یەکەی خوێنیان وەرگرتووە کە ژمارەیەکی پێوانەییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت: هەر یەکەیەکی خوێن کە وەردەگیرێت دابەش دەکرێت بۆ خڕۆکەی سوور، پەڕەکانی خوێن، پلازما، ئینجا دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەکان.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بانکی خوێن لە هەولێر ڕاشیگەیاند: ساڵی ڕابردوو، 145555 یەکەی خوێن دراوە بە نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، بەمەش بانکی خوێن لە هەولێر توانیوویەتی ژمارەیەکی پێوانەیی لە هەرێمی کوردستان تۆمار بکات، هەر بۆیە بانکەکە پێویستی بە هیچ بانگەوازێکی بەپەلە نەبووە بۆ خوێن بەخشین، لەبەر ئەوەی یەدەگی زۆر باشی خوێنی هەیە کە کۆی کردووەتەوە لەڕێگەی هەڵمەتەکانی خوێن بەخشین، بەشێوەیەک، لەو ڕێژە خوێنەی کۆکراوەتەوە، ڕێژەی سەدا 62 بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی نێردراوە، سەدا 37یش بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت.
دەشڵێت: ئەوانەی خۆیان سەردانی بانکی خوێن دەکەن بۆ بەخشینی خوێن، لەگەڵ ئەوانەی نەخۆشیان هەیە و خوێن دەبەخشن، ڕێژەکەیان پەنجا بە پەنجایە، بەمەش ڕێژەی ئەوانەی خوێن دەبەخشن بە تێکڕا سەدا پەنجایە.