یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێکخراوی WHO وەکو هاوبەشێکی سەرەکیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان, لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی کاری هاوبەش و پێکەوەییانمان کردووە.
گوتیشی: “خۆشحاڵین کە لەگەڵ ڕێکخراوی “WHO” باشترین پەیوەندییمان هەیە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان؛ ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستیی دوو جار لە کۆبوونەوەی فراوانی نێودەوڵەتی وەزیرانی تەندروستی لە جنێف، بەشدار بووین، ئەو پەیوەندییە بووە مایەی ئەوەی ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوود لەو ڕێکخراوە وەربگرین. سوودەکانیش تەنیا لە نۆژەنکردنەوەی دامودەزگای تەندروستیی و دەرمان نەبووە، بەڵکو لە ڕووی زانستیی تەندروستیی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان و خولی ڕاهێنان و شارەزا بوون لە ڕێکخراوە بیانییەکان و ڕاسپاردەکان ولێکۆڵینەوەکانیدا بووە.”
دەشڵێت: “ڕێکخراوی WHO لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنا تاکو ئێستا، زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار بە پڕۆژە جیاوازەکانیان پاڵپشتیی وەزارەتی تەندروستیی بوون. ”
لای خۆیەوە د. جۆرج ئەلفرێد، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق گوتی: “سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، شەرەفمەندم سەردانی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیم کردووە و سوپاسی تەواوی کارمەندەکانی دیکەش دەکەم، سوپاسی تەدرۆس ئەدانۆڤیش، بەهەمووان دەگەیەنم.”
گوتیشی: “ئێمە گفتوگۆی زۆر بەرهەمدارمان هەبووە و لە ساڵانی ڕابردووشدا دەستکەوتی باشمان هەبووە، لەو کاتەی پەتای کۆرۆنا دەستی پێ کرد ئێمە وەکو ڕێکخراوەکە، هاوکاری تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پەتایە ببێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر سیستەمی تەندروستیی پێشکەشی هاووڵاتییانی بکات، لەسەر بنەما و تەکنیکی باش.”
د. جۆرج ئەلفرێد، بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق ڕاشیگەیاند “ئێمە توانیومانە پێکەوە لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی تەندروستیی چەندان پڕۆژەی گرنگ بکەین، بۆ هاوکاریی نەخۆشانی هەرێمی کوردستان.”