مەترسییەكانی پەتای وەرزی (هەڵامەت) لە ماوەی دووگیانیدا

 

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

پەتای وەرزی لە ڕێگەی بەرکەوتنی بە کەسانی ترەوە و کۆکە و پژمە ئەگوازرێتەوە، ئەم پەتایە لە خانمانی دووگیانی کۆمەڵێک دەرهاوێشتەی خراپی هەیە کە لە کەسانی تر کەمترە .

د. کەژان کاوە تەها دکتۆرا (بۆرد) لە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی. ئامۆژگاریی خانمانی دووگیان دەكات دەربارەی خۆپاراستن لەم پەتایە و بە پێویستی دەزانێت ماسک بەكار بهێنن بۆ چوونە دەر، بەردەوام بایەخ بە دەستشۆردن بدەن و پێکوتەی وەرزی وەرگرن.
د. کەژان کاوە دەربارەی نیشانەکانی پەتای وەرزی ڕوونی دەكاتەوە كە بریتین لە (تا، سەرئێشە و گیانئێشە، کۆکە، بێهێزی و شەکەتی و ئازاری قوڕگ). زۆر گرنگە کە هەوڵ بدرێت پلەی گەرمای لەش بەرز نەبێتەوە چونکە تای بەرز زیانی هەیە بۆ کۆرپە؛ لە کاتی بەرزبوونەوەی تا دەتوانیت ئەم کارانە بکەیت :
1- بەکارهێنانی حەبی پاراسیتامۆڵ.
2- ئاو و شلەمەنییەکی زۆر بخۆیتەوە بۆ ئەوەی بەدوور بیت لە وشکداگەڕان .
3- پشوودان و دوورکەوتنەوە لە ئەرکی قورس و هیلاککەوتن .
د. کەژان کاوە دەربارەی ئەو کێشانەی کە لەوانەیە بەهۆیەوە ڕووبەڕوی خانمانی دووگیان ببێتەوە، دەڵێت :
1- هەوکردنی سیپەلاک و ئەگەری زیاتر بۆ داخڵبوون لە نەخۆشخانە.
2- لەدایکبوونی پێشوەختە یان لەبارچوون .
3- ئەگەر لە سەرەتای دووگیانیدا بێت ناتەواوی لە دروستبوونی کۆئەندامەکانی کۆرپە.
4- دواکەوتنی گەشەی کۆرپە .
هەرکات ئەم نیشانانەت هەبوو باشتر وایە بە زووترین کات سەردانی پزیشکەکەت بکەیت :
1- کەمبوونەوەی جوڵەی کۆرپەکەت.
2- تای زۆر بەرز .
3- هەناسەتەنگی و ئازاری سنگ .
4- ئەگەر نیشانەکانت بەرەوە باشتر چوو، بەڵام دووبارە زیادی کردەوە لەگەڵ کۆکەیەکی خراپتر و تای زۆر.