نانی بەیانی تەرکیزی منداڵ بەرز دەکاتەوە

ماكوان عێزەت – هه‌ولێر

 

پێشنیار دەکرێت لە ژەمی بەیانیاندا، منداڵ هێلکەی کوڵاوی پێ بدرێت؛ هێلکەی کوڵاو خۆراکێکی سوودبەخشە کە ڕۆژانە بۆ نانی بەیانی بیخوات.

خواردنی هێلکەی کوڵاو بۆ نانی بەیانی و پێش ئەوەی منداڵەكەت بچێتە قوتابخانە کار لەسەر بەهێزکردنی بینایی و یادەوەرییان دەکات. سەرەڕای ئەوەش توانای بەرزکردنەوەی ئاستی تەرکیزیان بەهێز دەكات، چونکە کۆلین و ترشەڵۆکی ئۆمیگا سێی تێدایە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ژەمی بەیانیانێکی تەندروست کە یادەوەری و تەرکیز زیاد دەکات.
لێکۆڵینەوەیەکی پسپۆڕانی ئەمریکی دەری‌خستووە ئەو کەسانەی خۆراکی دەوڵەمەند بە کۆلین دەخۆن یادەوەرییان بەهێزە و ئەگەری تووشبوونیان بە گۆڕانکارییەکانی مێشک کەمترە کە پەیوەندی بە نەخۆشی بیرچوونەوە هەیە.
توێژینەوەکان جەختیان لەسەر سوودەکانی کردووەتەوە هێلکەی مریشک، تایبەتمەندی دژە هەوکردنی هەیە، هەروەها یارمەتی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی گەدە دەدات، چونکە دەرکەوتووە کە خانە گرنگەکان چالاک دەکات بۆ ڕێکخستنی سیستەمی بەرگری لەش.
گرنگیی هێلکەی کوڵاو بۆ نانی بەیانی بە منداڵان
ئەم خواردنە ئەفسوناوییە بە تەندروست و سوودبەخش و کەم کالۆری دادەنرێت و سوودی زۆری هەیە، ئەمەش یارمەتیی منداڵان دەدات بەتایبەتی. دیارترینیان بریتین لە:
* توانای دەروونی و هێزیان باشتر دەکات، بەو پێیەی بەشدارە لە هاندانی یادەوەرییان و باشترکردنی ڕێژەی تەرکیزکردنیان، چونکە مادەی وەک “کۆلین” لەخۆ دەگرێت.
* سیستەمی بەرگری لەش لە منداڵان و گەورەکان بەهەمان شێوە بەهێز دەکات، بەتایبەتی کە گرنگترین توخمەکانی تێدایە کە بەشدارن لەم کارەدا، وەک ترشی فۆلیک و ڤیتامینی ئەی و دی.
*یارمەتیدەرە بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ئێسکەکانیان، چونکە هێلکە بڕێکی زۆر ڤیتامین D لەخۆ دەگرێت. هەروەها توانای کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئێسک، وەک هەوکردنی جومگەکانی هەیە.
* پاراستنی تەندروستیی جگەر و چالاککردنی ئەرکەکانی و بەشداریکردن لە بەجێگەیاندنی ڕۆڵی، لەبەرئەوەی “کۆلین”ی تێدایە.

“کۆلین” مادەیەکی خۆراکییە کە زۆر لە ڤیتامینی بی دەچێت.
بە زۆری جەستەی مرۆڤ بەشێوەیەکی سروشتی کۆلین لە جگەردا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ڕەنگە بڕی ئەو کۆلینەی لەش بەرهەمی دەهێنێت بەس نەبێت، بۆیە باشترە کۆلین لە سەرچاوەی خۆراکی جۆراوجۆرەوە بەدەست بهێنرێت.