خوارداگەڕانی پەنجە گەورەی قاچ

بەشێك لە هاووڵاتیان بە هۆكارێك پەنجە گەورەی پێیان خوار دەبێتەوە؛ د. دێدەوان نامق پسپۆڕ لە نەشتەرگەریی ئێسک و شکان، دەربارەی دەرچوونی ئێسکی پەنجە گەورەی قاچ و چارەسەری و هۆكارەكەیەوە چەند زانیارییەكی گرنگ ڕوون دەكاتەوە.

د. دێدەوان نامق سەرەتا ئاماژە بە دەرچوونی ئێسکی پەنجە گەورەی قاچ دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە بریتییە لە خوارداگەڕان و زیادبوونی گۆشەی نێوان پەنجە گەورەی پێ و ئێسکەشانەی یەکەمی پێ.
خوارداگەڕانی پەنجەی گەورەی پێ، دەبێتە هۆی ئازار لە دیوی ناوەوەی جومگەی پەنجە گەورە لە ئەنجامی دەرپەڕین و دەرچوونی ئێسکەشانەی یەکەم و ئەستوورهەڵگەڕان و، هەروەها زەحمەت لە پێکردنی پێڵاو.
ئەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئەم نەخۆشییە؟
• لەپێکردنی پێڵاوی پاژنەبەرز و دەمتەسک.
• هۆکاری بۆماوەیی.
• شلداگەڕانی بەستەرەکان لە لەش بە شێوەکی گشتی
• ژێرپێی تەخت بێ و کەوانەی نەبێت.
• نەخۆشیی ڕۆماتیزم.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەربارەی ئەوەی كە ئایا پێویستی بە تیشکی x-ray ( ئەشیعەی ئاسایی) هەیە یاخود نا، دەڵێت:
بەڵێ بۆ دۆزینەوەی گۆشەی نێوان ئێسکی پەنجە گەورە و ئێسکەشانەی یەکەمی پێ و ڕێکیی جومگەکە.
لەسەر ئەم گۆشانە و نیشانەکانی نەخۆش بڕیار لە سەر چارەسەری نەخۆش دەدرێت.

چۆن خۆمان لەم نەخۆشییە بپارێزین؟
دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی پێڵاوی پاژنەبەرزی نووکتیژ.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکەم؟
• ئازاری بەردەوامی پەنجە گەورەی پی.
• ئەستوورهەڵگەڕان و خوارداگەڕانی دیاری پەنجە گەورە
• کەمبوونەوەی جوولەی پەنجە گەورە
• زەحمەت لەپێ کردنی پێڵاو لە ئەنجامی خوارییەکە.

چارەسەرەکان بریتین لە:
بەبێ نەشتەرگەری:
ئەگەر خواربوونەکە کەم بێت، حەبی دژەئازار، لەپێ‌نەکردنی پێڵاوی دەمتەسک و پاژنەبەرز؛ پێویستە پێڵاوەکە فراوان و پڕ بە پێ بێت و تەسک نەبێت، لەگەڵ بەکارهێنانی جۆرێک لە قاڵب.

بە نەشتەرگەری:
ئەگەر ڕێگای بەبێ نەشتەرگەری سوودی نەبوو ئەوا پێویستە پەنجە گەورەکە ڕاست بکریتەوە بە نەشتەرگەری؛ ئەویش بە شکاندنەوەی ئێسک و توندکردنەوە و ڕێککردنەوەی کەپسول و بەستەری چواردەوری پەنجە گەورە.