سووده‌كانی خوێنبەخشین

 

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

بەشێكی زۆری خەڵک له‌ ترسی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر خوێنبه‌خشین ده‌كرێت، كه‌متر هه‌وڵ ده‌دەن خوێن ببه‌خشن، پزیشكانیش جگە لە ڕەددانەوەی ئەو پروپاگەندە نا دروستانە، هانی هاووڵاتیان دەدەن خوێن ببەخشن.

خوێنبەخشین كارێكی گەورەی مرۆییە و كاریگەری دەبێت لە یارمەتیدانی ئەو كەسانەی پێویستیان بە خوێنە و پرۆسەی خوێنبەخشین هیچ زیانێكی لەسەر تەندروستی نیە، بەڵكو كۆمەڵە سوودێکیش بە جەستە دەبەخشێت.
لە كاتی خوێنبەخشین پشكنین بۆ كەسی بەخشەر دەكرێت بۆ دڵنیایی لە سەلامەتی و تەندروستی و پشكنینی پزیشكی پێویستی بۆ دەكرێت و، خوێنبەخشەكەیش سوودی لێ دەبینێت ئەگەر هەر نەخۆشییەكی گوازراوەی تووش هاتبێت یانیش ڕووبەڕووی نەخۆشییەكی مەترسیدار بووبێتەوە ئاگادار دەكرێتەوە و دەتوانێت زووتر چارەسەر وەربگرێت. هەروەها خوێنبەخشین دەبێتە هۆی چالاكبوونەوەی سووڕی خوێن و چالاكبوونی مۆخی ئێسك بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆكەی سوور لە دوای خوێنبەخشین.
هاوكات خوێنبەخشین دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و گیرانی دەمارەكان و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە.
لە زۆر شوێن و لە زۆرێك لە حاڵەتەكاندا كەسانێك هەن بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان پێویستیان بە خوێن دەبێت، تەنها و تەنها كرداری خوێنبەخشینی مرۆڤەكانی تر دەتوانێت گرەنتیی ژیانیان پێی ببەخشێت، بۆیە بەخشینی خوێن هەڵوێستی بەرپرسیارانە و لووتكەی مرۆڤایەتیی مرۆڤەكانە .
بۆ كرداری (خوێنبەخشین) پێشوەخت پێویستە ئەم ڕێنماییانە ڕەچاو بكەین:
1. باشتر وایە بە ماندوویەتی خوێن نەبەخشیت و شەوی پێشترێی، باش حەوابیتەوە .
2. پێویستە پێش كرداری خوێنبەخشینەكە بە چەند كاتژمێرێك، ژەمێك خۆراكی مامناوەند و وزەبەخش بخورێت یاخود هەندێك شیرینی بخورێت .3. خواردنەوەی شلەمەنیەكان لە پێش و لە پاش كرداری خوێنبەخشینەكە بە شێوەیەكی گشتی سوودی هەیە، بەڵام وا باشترە کە چا و قاوە و خواردنەوەی كافاییدار نەخورێتەوە .
4. پاش خوێنبەخشینەكە، خێرا هەڵمەسەرەوە؛ كەمێك بحەوێرەوە و پاشان هەستەوە.