بۆ ئەم وەرزە شێلمی كوڵاو بژاردەیەکی باشە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

شێلم یەكێكە لە سەوزە رەگییەكان، خەڵك لەگەڵ دۆشاوی خورما و ترێ دەیكوڵێنن و زستانان دەیخۆن، دەكرێ بە شێوەی تریش بخورێت.

د. بەدر قادر سوورچی پسپۆڕی گیادەرمانی دەربارەی سوودەكانی شێلم دەڵێت: چەندە باسی بكەین تەواو نابێت.
د. بەدر قادر سوورچی ئاماژە بە سوودەكانی دەكات لەوانە چەندین ڤیتامین و توخمی بەسوودی تێدایە‌ وەك: ڤیتامین سی، ڤیتامین ئی، ریشاڵ، فۆلیك ئەسید، ڤیتامین بی پێنج، ڤیتامین بی یەك، ڤیتامین بی دوو، ڤیتامین بی سێ، ڤیتامین بی شەش، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، مەگنسیۆم.
د. بەدر قادر سورچی لە بواری تەندروستییشەوە سوودەكانی ڕووندەكاتەوە:
1. بەهێزكردنی بەرگری لەش.
2. سوودێكی زۆری هەیە بۆ جگەرو چاڵاكی دەكات.
3. پاراستنی قۆڵۆن لە تووشبوون بە گرێی شێرپەنجەیی.
4. پاراستنی خوێنبەرەكان لە تووشبوون بە رەقبوون بەوەی كە ماددە دژە ئۆكسانەكانی ناو شێلم دژی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان دەوەستن و نایەڵن كە كۆلیسترۆڵی خراپ LDL بە كرداری ئۆكسان لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا بنیشێت.
5. باشتركردنی تەندروستی سییەكان بەوەی كە هەوكردن و نیشانەكانی هەوكردن سووك دەكات بەتایبەتی هەوكردنی بۆڕی هەوا كە زیاتر لە جگەرەكێشەكاندا بەدی دەكرێت.
6. خواردنی شێلم ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی خانەكانی مێشك لە كزداگەڕان.
7. ڕێژەی ئاوی لەش ڕێك دەخات.
8. بۆ فڕێدانی بەرد لە گورچیلەكاندا زۆر باشە.
9. بەسوودە بۆ کەمکردنەوەی رۆماتیزمی جومگە و ئازار.
10. بۆ نەخۆشی زەردوویی بەسوودە.
زیانەكانی زۆر زۆرخواردنی شێلم :
زۆر خواردنی شێلم بۆ ماوەیەكی زۆر لەوانەیە ببێتە هۆی دروست بونی گرفت بۆ ئەندامەكانی لەش :
1. نەخۆشی كەمی ڕژێنی دەرەقی : دەبێت ئاگاداربن چونكە شێلم دەبێتە هۆی كەمی ڕژێنی دەرەقی .
2. بۆ گورچیلە : زۆر خواردنی شێلم لەوانەیە ببێتە هۆی هەوكردنی گورچیلە .
3. سكچوون و ئازار و غازاتی ناوسك .
4. كاریگەری دەرمانی دژی مەیینی خوێن و دژەمیكرۆب كەم دەكاتەوە.
5. هەستیاری: لەوانەیە ببێتە هۆی سووربونەوەی دەموچاو و جەستە.
خواردنی شێلم، زیادی رێژەی گلوكۆزی خوێن لە دوای ژەمی خۆراك پەك دەخات، جیا لەوە بە ریشاڵ دەوڵەمەندە و كالۆری و كاربۆهیدراتی كەمە.