بەگوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەیەکی ڕووسیا، دکتۆر سێرگی ڤینۆگرادۆڤ، پسپۆڕی مێشک ڕایگەیاندووە، کاتێک باس لە جەڵتەی مێشک دەکرێت، دەبێت لە جیاوازی نێوان دوو جۆر جەڵتەی مێشک تێ بگەین.
بە گوتەی سێرگی، پسپۆڕی مێشک و ڕیشاڵەدەمار، جەڵتەی خوێنبەربوون لە ئەنجامی پچڕانی دیواری بۆریی خوێن ڕوو دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێن دزە بکاتە ناو شانەکانی مێشک، بەمەش بە شێوەیەکی میکانیکی زیانی پێ دەگەیەنێت. جۆری دووەمی جەڵتەی مێشک پەیوەندیی بە گیرانی بۆریی خوێن و کەمی دابین کردنی خوێنەوە هەیە، کە دەبێتە هەڵوەشانەوەی شانەکان.
دەشڵێت: “ئەگەر کەسێک گومانی ئەوەی هەبوو جەڵتەی مێشکی هەیە، دەتوانرێت بە تاقیکردنەوەی ئاستی هەستیارییەکەی پشتڕاست بکرێتەوە؛ بۆ ئەمەش دەتوانرێت بە سووکیی چەقۆ لە لای ڕاست و چەپی جەستەی بدرێت؛ ئەگەر لایەک خوێنی لێ نەهات، ئەوە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ بوونی جەڵتە.”
نیشانەکانی جەڵتەش بریتییە لە لەدەستدانی هەستیاری لە لایەکی جەستە، شێواوی دەموچاو “خواربوونەوەی لایەکی دەم”، هەروەها تێکچوونی جووڵەکان، لەوانەش گرژبوون و لەدەستدانی هۆشیاری.”
ئەو پسپۆرە جەخت لەوەش دەکاتەوە “لە حاڵەتێکی لەو جۆرەدا دەبێت خێرا نەخۆشەکە پاڵ بخرێت و شتێکی نەرم لە ژێر سەریدا دابنێت، ئەگەر نەخۆشەکە لە ژوورێکی داخراو بێت، دەبێت پەنجەرەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئۆکسجینی پێ بگات. لە هەمووی گرنگتر پەیوەندیی بە ئەمبولانسەوە بکرێت و هیچ دەرمانێکی پێ نەدرێت.”
ئەوەشی خستە ڕوو، خێرایی چاکبوونەوەی نەخۆشەکە دوای جەڵتەی مێشک بەندە بە پلەی تێکچوونی مێشکەوە، تا ڕووبەری زیانەکان گەورەتر بێت، پرۆسەی چاکبوونەوە قورستر دەبێت، هۆ سەرەکییەکان بریتین لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان “ئەمە کاریگەری زۆری لەسەر ڕژانی خوێنبەرەکان دەبێت چونکە، بە تێپەڕبوونی کات، دیوارەکان ئەستوور دەبن و توانای بەرگەگرتنی فشارەکان لە دەست دەدەن، دەبێتە هۆی پچڕان یان گیرانیان.”
بۆ خۆپاراستن لە جەڵتەی مێشک، پزیشک پێشنیاری پێویستی جووڵە و ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی و پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی هاوسەنگ و تەندروست دەکات و دەڵێت: “پێویستە بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ فشاری دەروونیدا بکرێت و بێگومان چێژ لە ژیان وەربگریت – و پێکەنین بە سادەترین ڕێگا بۆ پاراستنی تەندروستیی دادەنرێت.”