وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، 26 ساڵە، واتە لە 1998ـەوە هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجیی منداڵان لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و سەدا 50 داشکان بۆ چارەکردنی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کراوە. سێشەممە، 03-12-2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەتدا ڕایگەیاند “بەهۆی ئەو هەڵمەتە هۆشیاری و کوتانەی دەستیان پێ کردووە، لە ساڵی 1998ـەوە هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجیی منداڵان لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.” وەزیری تەندروستیی ئـاماژەی بـەوەش کرد “بە گوێرەی یاسا، خاوەن پێداویستیی تایبەت، چارەکردنیان لە نەخۆشخانە حکوومەتییەکان بە خۆڕاییە و لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش، سەدا 50 داشکانی هەیە.”