توێژینەوەیەک سوودێکی نوێی دەرمانی دابەزاندنی کێش ئاشکرا دەکات

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەری دەخات، دەرمانە باوەکانی دابەزاندنی کێش وەک “ئۆزێمپیک”، ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ پاراستنی گورچیلە، ئەنجامی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەرمانەکان لەوانەیە مەترسی تێکچوون و شکستی گورچیلە کەم بکەنەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کەسێک نەخۆشی شەکرەی هەبێت یان نا.

نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، پرۆفیسۆر سونیل بادڤی، لە پەیمانگای جۆرج بۆ تەندروستی جیهانی و زانکۆی نیو ساوس وێڵز لە سیدنی، ڕایگەیاندووە “توێژینەوەکە زانیاریی ئێستای سەبارەت بە دەرمانەکان فراوانتر کردووە، لەوانە سوودەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە و ئەو کەسانەشی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەوانەشی نەخۆشی شەکرەیان نییە.”

بادڤی گوتیشی: “ئەمە یەکەم توێژینەوەیە کە سوودێکی ڕوونی وەرگرەکانی GLP-1 لە سستبوونی گورچیلە یان نەخۆشیەکانی گورچیلە لە قۆناغی کۆتاییدا نیشان بدات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە چارەی خۆپارێزی گورچیلە و دڵ بۆ ئەو نەخۆشانەی بەدەستیەوە گیرۆدەن.”

نووسەری توێژینەوەکە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد “ئەم ئەنجامانە بە تایبەتی گرنگن بۆ ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە، پێشکەوتنێکە کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە کە پێویستی بە شۆردنی گورچیلە یان چاندنی گورچیلە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە مردنی پێشوەختەوە هەیە، کە زیاتر بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوەیە.”

لە توێژینەوەکەدا کە لە ڕۆژنامەی The Lancet بڵاوکراوەتەوە، توێژەران شیکارییەکیان بۆ 11 تاقیکردنەوەی کلینیکی گەورەی وەرگرەکانی GLP-1 کردووە کە کۆی گشتی 85 هەزار و 373 کەسی لەخۆ گرتووە.

لە نێوان تاقیکردنەوەکاندا حەوت وەرگری جیاوازی GLP-1 لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا، لەنێویاندا سێماگلۆتاید، کە دەرمانێکی جۆری دووەمی شەکرەیە بۆ یەکەمجار بە ناوی ئۆزێمپیک خرایە بازاڕەوە.

ئەنجامەکان دەریان خستووە کە بە بەراورد لەگەڵ پلاسیبۆ، وەرگرەکانی GLP-1 ئەگەری لەکارکەوتنی گورچیلە بە ڕێژەی لەسەدا 16 و تێکچوونی کارکردنی گورچیلە بە ڕێژەی لەسەدا 22 کەمکردووەتەوە.

پرۆفیسۆر ڤلادۆ پێرکۆڤیچ، پڕۆفیسۆر لە پەیمانگای جۆرج و ڕاگری زانکۆی نیو ساوس وێڵز لە سیدنی دەڵێت: “توێژینەوەکەمان کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ڕێنماییە کلینیکیەکان بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی گورچیلە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە و بێ شەکرە.”