د.سەناریا شوان: پێویستە ئافرەتانی سەروو چل ساڵ ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی بكەن

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

مانگی ڕابردوو كە مانگی هۆشیاری شێرپەنجە بوو بەهۆی ئەو هۆشیارییەی كە لە لایەن بەشێك لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئەنجامدرا، بۆ هاندانی پشكنینی پێشوەختەی مەمك و هەروەها سەردانی پزیشك لە سلێمانی 1.031 نەخۆش لە كلینكی نەخۆشیەكانی مەمك بینران.

بەپێی ئاماری بەڕێوه بەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەماوەی مانگی ڕابردوو لەڕێكەوتی (1 بۆ 31/10/2024) لەكلینكی چارەسەری نەخۆشییەكانی مەمك 1.031 نەخۆش سەردانیان كردووە، لەو ژمارەیە 313 نەخۆشیان نوێ بوون و ڕاستەوخۆ سەردانیان كردووە و ئەوانی تر ئەو نەخۆشخانە بوون كە پێشتر سەردانی ئەو كلینكەیان كردووە.
هەر بە گوێرەی ئامارەكە لەماوەی مانگی ڕابردوودا لەكلینكی چارەسەری نەخۆشیەكانی مەمك 4 حاڵەتی شێرپەنجەی مەمك تۆماركراوە و 188 نەخۆش بەهۆی بوونی ئازار و 89 نەخۆش بەهۆی بوونی گرێ سەردانیان كردووە، هەروەها 348 مامۆگرافی و 149 سۆنەریش ئەنجام دراوە.
د.سەناریا شوان عەبدولڕەحمان پزیشكی پسپۆڕی چارەسەری نەخۆشیەكانی مەمك لەكلینكی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی مەمك باسی لەهۆكارەكانی شیرپەنجەی مەمك كرد و ڕایگەیاند ئەگەری دروستبوونی شێرپەنجەی مەمك لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زیاد دەكات و پێویستە هەموو ئافرەتێكی سەروو تەمەن چڵ ساڵ ساڵانە پشكنینی مامۆگرافی ئەنجام بدات.
د.سەناریا شوان لە بارەی كاری كلینكی چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی مەمك ڕوونیكردەوە كە ڕۆژانە پزیشكانی پسپۆڕ لە نەخۆشیەكانی مەمك و پزیشكی نەشتەگەری و كۆمەڵێك پزیشكی نیشتەجێ دەوام دەكەن و هاوڵاتیەكی زۆر سەردانیان دەكەن و نەخۆشێكی زۆر ڕوویان تێدەكات و ئەو نەخۆشانەی پشكنینیان بۆ دەكەن و گومانیان لێی هەبێت لەهەمان ڕۆژدا سۆنەر و تیشك و چاندندنیان بۆ دەكرێت.
د.سەناریا شوان ئاماژەی بەوەشداكە لەم كلینكەدا نەخۆش پێویستی بە ڕەوانەكردن (ئیحالە) نیە، هەر ژنێك هەستی بەگۆڕانكاریی كرد لەمەمكیدا ئازار بێت یاخود گرێ بێت یان هەر دەردراوێك لەگۆی مەمك یان شتێكی نامۆ ببینێت بەبێ ڕەوانەكردن دەتوانێت سەردان بكات.
ئەگەر نەخۆش ئازارێكی بەردەوامی هەبوو و بەدەرمانی ئازار شكێن چارەسەر نەبوو دەبێت بەدواداچوونی بۆ بكرێت و مەرج نیە شێرپەنجە بێت لەوانەیە هەوكردنێكی درێژخایەنی هەبێت، یانیش گۆڕانكاری لەبۆری شیردەرەكانی هەبێت یاخود گۆڕانكاری هۆرمۆناتی هەبێت واتە هەرشتێك بەردەوام بوو لە مەمكیدا و زۆری خایاند پێویستە پشت گوێ نەخرێت.
د.سەناریا شوان لە بارەی ئەوانەی مەترسی شێرپەنجەی مەمكیان لێ دەكرێت گوتی: زیاتر لەوانەیەدا هاوسەرگیریان نەكردووە یان منداڵیان نەبووە یان كەسێكی پلە یەك لەدایكی و خوشكی یان پوری لەخێزانەكەیان شێرپەنجەی مەمكی هەبێت و ئەمانە زۆر گرنگە پشتگوێ نەخرێن، بۆ نموونە ئافرەت هەیە دەڵێ چی ڕوودەدات با ڕووبدات لەمەمكیدا بەس پشكنینی بۆ نەكرێت و ئەمە نابێت چونكە ئەگەر شێرپەنجەی مەمك بێت و لە قۆناغەكانی سەرەتادا بێت دەتوانرێت چارەسەر بكرێت و نەخۆشەكە ئەگەری چاكبوونەوەی زیاترە وەك ئەوەی لە قۆناغێكی پەرەسەندوو و مەترسیدار بێت، ئافرەتان لەگرێ زۆر دەترسن، بەڵام زۆربەی گرێكانی مەمك پاك دەردەچن بەتایبەت لەگەنجەكاندا و مەرج نیە هەر ئاوساوییەك لەمەمكدا هەبێت مانای بوونی گرێ بێت و شتێكی خراپ بێت و زۆرجار لەوانەیە كیس بێت یان گرێیەكی چەوری بێت یان گرێیەكی ڕیشاڵی بێت و زیانی نیە.
پێویست بە دڵە ڕاوكێ ناكات و بۆیە دەبێت پشكنینی بۆ ئەنجام بدرێت بەسۆنەر یان بە تیشك و هەندێكجار پێویست دەكات زەرعی بۆ بكەن و ئەو كاتە پێی دەوترێت ڕێگەی چارەسەرەكەشی چیە ئەگەر شێرپەنجەبێت و لەقۆناغەكانی سەرەتادابێت چارەسەرەكەی ئاسانتر دەبێت، لەوانەیە پێویست بەبڕینەوەی مەمكەكە نەكات تەنیا پێویست دەكات گرێیەكە و دەوروبەری پاك بكرێتەوە و هەندێك چارەسەری تیشكی و لەوانەیە چارەسەری كیمیایی پێویست بێت.