پێویستە دایك و باوك وریای چاوی منداڵەكانیان بن

پرۆسەی فێربوون و پێگەیشتنی مناڵ پەیوەستە بە هەستی بینینەوە؛ هەربۆیە گرفتی بینین لە مناڵدا دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی رەوتی فێربوون و ناهێڵێت منداڵ بگاتە تەواوی تواناکانی خۆی.

هاوینان زۆرێكی منداڵان بە یارییە ئەلیكترۆنییەكانەوە خەریک دەبن؛ هەربۆیە بەشێكی زۆریان لەوانەیە تووشی گرفتی چاو ببن؛ دایك و باوكان پێویست دەكات كە بەر لەوەی درەنگ بكەون یانیش منداڵەكەیان ڕووبەڕووی كزی و كەمبینی بێتەوە پێویستە سەردانی پزیشك بكەن و پشكنین بۆ چاوی منداڵەكەیان بكەن.
د. سەناریا زیاد زەنگەنە پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو، ڕوونیدەكاتەوە كە بەپێی رێنماییە زانستیەکانی پزیشکی چاو پێویستە مناڵان پشکنینی چاویان بۆ بکرێت لە تەمەنی شەش مانگیوە پاشان لە تەمەنی ٣ ساڵان و دواتر لە تەمەنی ٥ ساڵان دواتر ساڵانە جارێک.
هاوكات د. كاوێس زەنگەنە پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ئاماژە بەوە دەدات كە چاوکزی گرفتێکی باوە بە گشتی؛ نزیکەی ٦٪ـی منداڵان چاویان کزە، لەوانەیە نمرەی کزیەکە جیاواز بێت، یانیش کەم بێت لە ھەندێک کات و ھەندێک کاتیش زۆر بێت و، ببێتە هۆی نابینایی؛ بۆیە پێویستە دایك و باوك سەرنج بدات منداڵ و بەدواداچوون بکات کاتێک ھەستی بەو گرفتە کرد کە کار نەکاتە سەر چالاکی و خوێندنی رۆژانە.
نیشانەکانی چاوکزی لە منداڵی تەمەنی قوتابخانە:
• زەحمەتی لە خوێندنەوە و زۆر نزیکبوونەوە لە پەرتووەکانی.
• بە زەحمەت لێکجیاکردنەوەی رەنگەکان و شتی ورد.
• بە زەحمەت لێکجیاکردنەوەی کەسەکان و نیشانەکان.
• زۆر نزیک دانیشتن لە شتەکان و لە تەلەڤیزیۆن.
• گلەیی زۆر لە چاوئێشە و ماندووبوونی چاو.
د. كاوێس دەربارەی ھۆکارەکانی چاوكزی، وای ڕوون دەكاتەوە:
• خێلی بە تایبەت کە زۆر بێت و چارەسەر نەکرێت.
• نەخۆشی چاو وەكو ئاوی سپی و رەش بەشەکانی تری چاو و چارەسەر نەکرا بێت وەك پێویست.
• بوونی نەخۆشی مێشک بە تایبەت نەچوونی ئۆکسجین بۆ مێشکی منداڵ لە کاتی لە دایک بوون یان دواتر.
• حاڵەتی کورت بینی یان درێژ بینی کە چارەسەر دەکرێت بە چاویلکە.
چارەسەر
• پێویستە کاتێک ھەست بە ھەر نیشانەیەک لەوانە کرا سەردانی پزیشکی چاوی بۆ بکرێت.
• زوو چارەسەرکردنی حاڵەتی خێلی
• زوو چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چاو
• زۆر گرنگە منداڵ پشکنینی چاوی بۆ بکرێت بە تایبەت پێش تەمەنی قوتابخانە
• پشکنینی چاو بە تایبەت لە کاتی گلەیی لە ئازاری چاو، زۆر سووربوونەوە یان کاتی سەرئێشە، ئەگەرهاتو دووبارە بوویەوە.
پارێز
• هەندێ خواردن بۆ چاو باشن و سوودیان زۆرە؛ بە تایبەت: ترێی رەش، گێزەر، ماسی، ھێلکە، کە پێویستە لە ژەمی رۆژانەی منداڵ ھەندێکیان بە لایەنی کەم ھەبن.
• زۆر بەکارنەھێنانی مۆبایل و ئامێری یاری کە چاو کز دەکەن.