هەڵامەت لە زستاناندا زۆرە، بەڵام پەیوەندی بە سەرماوە نییە

هەر کاتێک سەرما هات و وەرز گۆڕا و پلەی گەرمی دابەزی بە رێژەیەکی بەرچاو وەکو خوار سفر، ئەوكات جەستەی مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی خۆی گەرم بکاتەوە.

د. زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناو دەڵێت: بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بەرگەی سەرما بگرێت وا درووست کراوین کە بە جووڵە و بە سووتاندنی ئەو خۆراکانەی کە ڕۆژانە دەیخۆین پلەی گەرمی لەشمان رێک بخەینەوە و بەرگەی سەرما بگرین، بۆیە لە کاتی زستاندا زۆربەمان ئارەزووی خواردنە چڕ و قورسەکان دەکەین تاوەکو گەرم ببینەوە. زیاد لەوە مرۆڤ تووانیوویەتی لە دێر زەمانەوە و ئێستاکەش کەرەستەی خۆ گەرم کردنەوەش بەکار بهێنێت وەکو جل و بەرگی ئەستوور، ئاگردان و سۆبە و سپلیت و زۆری تر. هەر بوونی چوار دیوار لە دەورت خۆی دەتپارێزێت لە تیخی سەرماکە!
گەر مرۆڤ یەک دوویەک لەو هۆکارانەی سەرەوە لە دەست بدات تووشی ناڕەحەتی دەبێت بە سەرما. سەرەتا لەرز و تەزینی قاچ و ددانەچۆقە و، گەر بەردەوام بێت ئەوا سڕ دەبێت و جووڵە لە دەست دەدات و پاشان یەک لە دوای یەک ئەندامەکانی لەشی پەکی دەکەوێت و لە کۆتاییدا دەمرێت. ئەمە پێی دەڵێن رەق بوونەوە. ئەم حاڵەتە زۆر زۆر دەگمەنە لە ووڵاتی ئێمە، جار جار دەیبیستین کە کەسێکی بێ ماڵ و حاڵ ڕەق بۆوە یان ئەو کەسانەی رێگای چوونە هەندەرانیان دەگرتە بەر یان لە ئاودا پێش خنکان ڕەق دەبوونەوە و دەمردن. بە داخەوە کە خەڵکی ئێمە ئەم نارەحەتیانەی بینی.
د. زانیار ئاغال دەشڵێت: لە ناو هاووڵاتیان وا باوەكە دەگوترێت بە سەرما خەڵكی تووشی چەندین نەخۆشی دەبێت لەو نەخۆشیانەی کە خەڵکی خۆمان وا دەزانن بە سەرما تووش دەبن، ئەمانەن:
• هەڵامەت: هەڵامەت ئەوەیە کە لووتت ئاو بکات، زۆر بپژمیت، سەروچاوت دابگیرێت و کەمێک تا یاخو یاو هەبێت. ڕاستە هەڵامەت لە زستاناندا زۆرە، بەڵام پەیوەندی بە سەرماوە نییە. هەڵامەت درمە و پەتایە و بە میکرۆبێک تووش دەبیت.
• ئینفلوێنزا: ئەمە وا دەکات تووشی تایەکی بە هێز ببیت و سەر ئێشە و لەش دایەزران و تەنانەت جاری وایە دەتکووژێت! ئەمیش ڕاستە لە زستاندا هەیە، بەڵام هیچ پەیوەندی بە سەرماوە نییە.
گەر ئەم دوو نەخۆشییە بەهۆی سەرماوە بێت دەبوو خەڵکی سوید و نەرویج دایمە هەڵامەت و کۆکە و لەرزوتایان هەبووایە، بەڵام نەخێر ئەوان دە قات لە ئێمە تەندروستترن! ئەی بۆ ئێمە واین؟
د. زانیار ئاغال ڕوونی دەكاتەوە كە پێویستە پەنجە بخەینە سەر برینەکە و دەڵێت: هۆکارەکەی ئەوەیە زۆرێک لە خەڵکی ئێمە ئاگادار نین هەڵامەت و پەتای وەرزی میکرۆبن و لە کەسێکەوە دەچێت بۆ کەسێکی دیکە. بۆیە جاری وا هەبوو بە داخەوە کەسی خاوەن بڕوانامەی بەرزم بینیوە بە هەوەسی خۆی دەکۆکی بەسەر منداڵەکانیدا دەڵێت لە دەرەوە بووین بۆیە سەرمام بووە و نەخۆش کەوتووم. نەخێر ئەمە پەتایە و میکرۆب چۆتە لەشتەوە و خەڵکی دیکەش تووش دەکەیت.
جگە لەمانە، حاڵەتی ئاڵۆشی لە ووڵاتی ئێمە زۆر زۆرە واتە هەستیاری جا لووتگیران و پژمە بێت یان کۆکە و رەبوو. ئەمە وا دەکات دایک و باوک زۆر جار منداڵی بەستەزمان بە توندی بپێچنەوە و، دۆندرمە و خۆشۆردنی لێ قەدەغە بکەن نەوەک نەخۆش بکەون. لە ڕاستیدا گەر تۆ حەمامەکەت گونجاو بێت و دەستبەجێ قژ و لاشەی منداڵەکە وشک بکەیتەوە هیچ کێشەی نابێت.