ئایا لەڕووی زانستییەوە بەکارھێنانی ستیرۆیدەکان بۆ قەڵەوبوون رێگەپێدراوە؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

کۆرتیکۆستیرۆیدەکان لە زانستی دەرمانسازیدا بۆ نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ھەوکردن و هەستەوەری بەکاردەھێنرێن، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانیش لە ئەمریکا تەنھا بۆ ئەو مەبەستە لە بەکارھێنانیان، پەسەندیکردوون.

بەشێكی ئەوانەی كە لاوازن لە ڕووی جەستەیییەوە بە مەبەستی خۆ قەڵەوكردنیان پەنای بۆ دەبەن، بەڵگەیەکی زانستی نییە پیشانی بدات کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بۆ قەڵەوبوون سەلامەتن، کۆرتیکۆستیرۆیدەکان ئاو و چەوری لە ھەندێک شوێنی جەستە وەک ران، ورگ، پەلەکان و روخسار کۆ دەکەنەوە، ئەمەش بەرەنجامی زیانەکانیانە، لە دەرمانزانیدا پێی دەگوترێت کاریگەریی لاوەکی.
ئەو بەرهەمانەی رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ قەڵەوکردنی روخسار و جەستە ریکلامیان بۆ دەکرێت، بەرهەمی ساختەن و بە نایاسایی هاوردەی وڵات کراون، بەپێی زۆربەی راپۆرتە تاقیگەییەکان کە لە سەرانسەری دنیادا کراون، دەریدەخەن ئەو جۆرە بەرهەمانە ماددەی شاراوەی کۆرتیکۆستیرۆیدیان بە بڕێکی زۆر تێدایە، کە بەکارهێنەر دوای ماوەیەک لە بەکارهێنان، بەشێوەیەکی کاتی جەستە و رووخساری قەڵەودەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کاریگەرییەکە بەردەوامنابێت و زیانە مەترسیدارەکان دەردەکەون.
ئەگەر کۆرتیکۆستیرۆیدەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەکاربھێنرێن، زیانی زۆریان بۆ تەندروستیی بەکارھێنەرەکە دەبێت، چونکە دەبنەھۆی بەرزەپەستانی خوێن، کۆنیشانەی کوشینگ، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی گەدە و ریخۆڵەکان، هەوکردنی پەنکریاس، کپکردنی فەرمانی مۆخی ئێسک و بەرگریی لەش، گلوکۆما، نەخۆشیی شەکرە، پووکانەوەی ئێسکەکان، ئاوسانی پەلەکان و رووخسار، نەخۆشیی پەرکەم و نەخۆشییە دەروونییەکان. باوترین ئەو کۆرتیکۆستیرۆیدەی کە بە نازانستی بۆ قەڵەوبوون بەکار دەھێنرێت شروب یان حەبی دیگزامیتازۆنە.
دامەزراوەی کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات كە خۆیان بەدوور بگرن لە كڕینی ئەو دەرمانانەی كە لە پەیج و شوێنە نافەرمییەكان دەفرۆشرێن، هەروەها جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە دەرمان لە شوێنی فەرمی بكڕدرێت و لەژێر چاودێری پزیشك بێت.