سامان بەرزنجی: دەرمانی قاچاخ لە هەرێمی کوردستان بووەتە ڕابردوو

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کورستان ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەم چەندین دۆسیەی چاکسازیی لە سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی کراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کورستان، لە لووتکەی پیشەیی دەرمانسازان کە لە هەولێر بەرێوەدەچێت، گوتی: ڕەوشی دەرمان و پیداویستیی پزیشکی بەشێکی سەرەکی سیستەمی تەندروستییە، گوتیشی، لە کابینەی نۆیەم چەندین دۆسیەی چاکسازیی لە سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی هەبووە.

سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش دا، پرۆسەی چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە، کە نزیکەی 10 تا 12 دۆسیەی سەرەکی بە ڕاوێژکاری لەگەڵ چەندین تیمی بیانی کاری تێدا دەکەین، بەشیوەیەکی گشتی دوو پێداویستی زۆر گرنگ هەیە بۆ هەر گۆڕانێک لە سیستەمی تەندروستی، یەکێکیان یاساییە، ئەوی تریان توانای داراییە.

دەشڵێت: لە ساڵانی ڕابردوو چەندین قەیرانی کەڵەکەبوو هەبوو، کە کەرتی تەندروستی کاریگەری لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت. بەڵام پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی وکوردستان دابینکردنی بودجە، توانیومانە بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بین.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، سەرۆکی حکوومەت بەردەوام پاڵپشتیی کەرتی تەندروستی کردووە، هەروەها چاکسازیی لە دۆسییەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان کراوە، بۆیە دەبێت دەرمان چاودێری بکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەرێمی کوردستان، بووەتە نموونە بۆ عێراق و ناوچەکە، چونکە دەرمانی قاچاخ لە هەرێمی کوردستان بووەتە ڕابردوو، هەروەها ڕێگە پێدراو نییە دەرمانێک دوور لە چاوی حکوومەت بگاتە دەستی هاووڵاتیان.

گوتیشی: هەموو خاوەن کۆمانیاکانمان ئاگادار کردووەتە نابێت خۆیان لە دەرمانی قاچاخ بدەن، دڵنیاشتان دەکەمەوە یەک حەبیش لە کوالیتیی کۆنترۆڵ بەبێ پشکنین تێناپەرێت

ھەواڵی زیاتر