وەزیری تەندروستی: ئێستە نەخۆش بە دەگمەن بۆ چارەکردنی نەخۆشییەکانیان دەچنە دەرەوەی هەرێم

وەزیری تەندروستیی ڕایگەیاند “ئێستە بە دەگمەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی چارەی پزیشکی دەچنە دەرەوەی وڵات”. باسی لەوەش کرد، لە سەردەمی کابینەی نۆیەم کەرتی تەندروستی ‘زۆر پێشکەوتووە’.

دووشەممە، 30-09-2024، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر؛ لە ڕێوڕەسمێکدا، ئامێری پێشکەوتووی سی تی سکان، ئامێری سۆنار و ژمارەیەک سیستەمی دیکەی پێشکەوتووی تیشک، خرانە خزمەتی هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕزگاری لە شاری هەولێر.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند، ئەو ئامێرە پێشکەوتووانە “بە سوپاسەوە لە لایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە، بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕزگاریی دابین کراون بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەولێر و هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت”.

وەکوو ئەوەی وەزیری تەندروستی باسی کرد، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە کەرتی تەندروستی داوە و بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەشی هاووڵاتییانی هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراون.

د. سامان بەرزنجی باسی لەوەش کرد “جێگەی خۆشحاڵییە سەرەڕای قەیران و ئالنگاریییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، کەرتی تەندروستی لە سەردەمی کابینەی نۆیەم بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە”. گوتیشی: ئێستە زۆر بە دەگمەن نەخۆشێک لە هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە دەبێت بۆ وەرگرتنی چارەی پزیشکی، بچێتە دەرەوەی وڵات؛ بە پێچەوانەوە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن.

لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی حکوومەتی نوێ، لە شار و شارۆچەکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون؛ بەمەش ژمارەی نەخۆشخانە حکوومەتییەکان گەیشتووەتە 45 نەخۆشخانە.

لە بواری دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان، هاوکات دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بنکەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی جۆراوجۆر بەشێکی دیکەی هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بووە، بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی، 26 کارگەی ئۆکسجین دامەزرێنراون، بەمەش ژمارەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بوو بە 41 کارگە.

ھەواڵی زیاتر