ڕێكاری نەخۆشیە گوازراوەكان لە نەخۆشخانە حكوومیەكان ڕێكدەخرێتەوە

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

تەندروستیی سلێمانی چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگی کرد بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی داتاكان و نەخۆشیە گوازراوەكان بۆ ئەوەی لەكاتی تووشبوونی هەر هاووڵاتیەك بە نەخۆشیە گوازراوەكان بە زووترین كات ڕێكاری تایبەت بگیرێتە بەر و جیا بكرێتەوە.

بەهۆی بەردەوامی پەتای كۆلێرا و ئاوەڵەی مەیموون و نەخۆشی تای خوێنبەربوون، د. ڕزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی چەندین كۆبوونەوەی تایبەتی بۆ یەكخستنەو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بە بەرەنگار بوونەوەی نەخۆشییەكان ڕێكخست.
د.ڕزگار عەلی ئاماژەی بەوەدا كە: چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردەی پێویست پێشكەش بە بەشە جیاجیاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و خۆپاراستنی تەندروستی لەگەڵ نوێنەری سەرجەم نەخۆشخانە حكومیەكان و بەرپرسانی كەرتی تەندروستی لە سنووری سلێمانی كراوە بە مەبەستی ڕووبەڕوبوونەوەی پەتاكان.
لە لایەن خۆشیەوە د. گۆران محێدین هەورامی پزیشكی پسپۆڕی هەناو، باسی هۆكارەكانی بڵاوبونەوەی پەتا و شێوازەكانی خۆپاراستنی كرد و دەڵێت: هۆكاری زیادبونی ئەو پەتایەی بڵاوبوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی تێكەڵاویی خەڵك و ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر دۆخی كەشوهەوادا هاتوە، باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن بریتیە لەدوركەوتنەوە لەشوێنی قەرەباڵغی هاوكات خانمانی دووگیان، بەساڵاچووان، منداڵ و تووشبووی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، پێویستە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی نەخۆشخانە بکەن، چونکە گرووپی مەترسیدارن بە پاشهاتەکانی سکچوون و رشانەوە.
د. گۆران هەورامی ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرینەی ئاوی خواردنەوە بە خاوێنی دەگاتە ماڵەکان، بەڵام کێشە لە چۆنیەتیی هەڵگرتن و کۆگاکردنی ئاو هەیە، هاوکات بە پێویستی دەزانێت کە ساڵانە تانکی ئاو پاک بکرێتەوە یاخود بایەخ بە کوڵاندنی ئاو بدرێت بەتایبەت بۆ ئەو ئاوانەی کە سەرچاوەکانیان نادیارە.
پاشخان
کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچوونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریا دروست دەبێت. لە رێگای خواردنی خۆراک یان ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە. لەکاتێکدا زۆرێک لەو کەسانەی تووشی کۆلێرا دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، بەڵام هەندێکی تر تووشی سکچوونی ئاوی توند و وشکبوونەوەی لەش دەبن، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت.
نیشانەکان:
•سکچوونی ئاوی توند
•ڕشانەوە
•گرژبوونی ماسولکەکان
•وشکداگەڕانی لەش (وشکداگەڕانی دەم، تینوویەتیی زۆر، سەرگێژخواردن)
کێ زۆرترین مەترسیی لەسەرە؟
ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە پاکوخاوێنییان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک سنووردارە، زۆرترین مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆلێرا هەیە. هەروەها گەشتیارانی ئەو ناوچانەش مەترسییان لەسەرە و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.
خۆپاراستن:

  • زووزوو دەستوپلت بە ئاو و سابوون بشۆ، بەتایبەت دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن.
  • تەنها ئاوی پاک بخۆرەوە. ئەگەر دڵنیا نەبوویت لە سەرچاوەی ئاوەکە، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک خولەک بیکوڵێنە.
  • تەنها خواردنی تەواو کوڵاو و گەرم بخۆ.
  • پێش خواردنی میوە و سەوزە توێکڵەکەی لێبکەرەوە.
  • کۆلێرا نەخۆشییەکە کە چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان. ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە. چارەسەرکردن دوا مەخە، چونکە وشکبوونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.
ھەواڵی زیاتر