دکتۆر هەڵگورد ئازاد: ئەگەر گورچیلە بەردی هەبێ، دوای چارەسەریش لەوانەیە بەرد بگرێتەوە

ئەژین عەبدوڵا – هه‌ولێر

بەردی گورچیلە کێشەیەکی جیهانییە، ڕێژەی توشبوون بەبەردی گورچیلە لەم چەند دەهەیەی دوایی زیادی کردووە بەهۆی گۆڕانی بنەڕەتی لە شێوازی ژیانمان.

دکتۆر هەڵگورد ئازاد پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ ڕوونیدەكاتەوە كە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی بەردیان هەیە ئەگەری دووبارە توشبوونەوەیان هەیە لە داهاتوو، بۆیە خۆپارێزی کاری هەرە لەپێشینەیە دوای چارەسەرکردنی بەردەکە.
دکتۆر هەڵگورد بۆ خۆپارێزی لە بەردی گورچیلە ڕوونیدەكاتەوە كە پێویستە ئەم هەنالگاوانە بگیرێتە بەر:

  1. ئاوخواردنەوە بە بڕێکی باش ڕۆژانە بەلای کەمەوە دەبێت دوو لیتر ئاو بخورێتەوە (بۆ کەسێکی پێگەیشتوو).
  2. کەمکرنەوەی خوێ، چونکە خوێ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دروسبوونی بەردی گورچیلە.
  3. وازهێنان لە خواردنەوە گازییەکان، چونکە بڕی ترشێتێ خۆێن و میز زیاد دەکات کە ژینگەیەکی لەبارە بۆ دروسبوونی بەرد، هەروەها بڕێکی زۆر لە کالیسیۆم ئێسکەکانمان دەردات بۆ ناو خوێن بەمەش بڕی کالیسۆمی دەردراوی میز زیاد دەکات.
  4. زیدەڕۆیی نەکردن لەو خواردنانە بڕێکی زۆر پڕۆتینییان تێدایە، وەک گۆشت هێلکە هەروەها کەمکردنەوەی چەوری چونکە وادەکات بڕێکی زۆر لە ئۆگزالات لە ڕیخۆڵەکان بمژرێت.
  5. دابەزاندنی کێش و وەرزشکردنی ڕێکوپێک.
  6. چارەسەکردنی هەوی گورچیلە و ڕێڕەوی میز.
  7. کەمکردنەوەی ئەو خواردنانەی کە بڕێکی زۆر “ئۆگزالاتیان” تێدایە وەک ڕێواس، سپێناخ، چەوەندەر و، چوکلێت .
  8. لە کاتی وەرگرتنی ڤیتامین دی و ڤیتامین سی دەبێت لەژێر چاودێری پژیشک دابێت نابێ بەشێوەی هەڕەمەکی بێت چونکە زێدەڕۆییکردن دەبێتە هۆی دروسبوونی بەرد.
  9. چارەسەرکردنی ناڕێکیی زگماکیەکانی کۆ ئەندامی میز.
  10. چارەسەکردنی کێشەی پرۆستات لە نەخۆشە بەتەمەنەکان.
  11. دانانی ڕێژیمێکی دەمپارێزی و چەندین ڕێنمایی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ بە گوێرەی جۆری بەردەکە.
    دکتۆر هەڵگورد ئازاد دەشڵێت: ئەوەی باسمان کرد خۆپارێزی بوو لە بەردی گورچیلە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام بێگومان بۆ هەر نەخۆشێک بە گوێرەی جۆری بەردەکە و فسیۆلۆژی نەخۆشەکە چەندان خاڵ و ڕێنمایی تایبەت پێویستن.
ھەواڵی زیاتر