هیچ نەخۆشێکی ئاوەڵەی مەیمون لە هەرێم و عێراق تۆمار نەكراوە

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە بەشێک لە وڵاتاندا، وەزارەتیی تەندروستیی عێراق داوای لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕایگەیاند: تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی ئاوەڵەی مەیمون لە عێراق و هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و لە ڕێگەی تیمەكانیانەوە بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەكە دەكەن.
د. سەیف بەدر گوتیشی: هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان هەیە و بۆ ئەومەبەستەش نووسراومان ئاراستە كردن بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.
دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان جەختیكردەوە لە گەیشتنی نووسراوەكە و ڕوونیكردەوە بە گوێرەی پلانی داڕێژراو كار دەكەن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو دژی نەخۆشییەکە.
بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە 13 وڵات وەک مەترسییەک لەسەر تەندروستیی جیهانی وای لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد باری لەناکاوی ڕابگەیاندرێت.
د. دەشتی دزەیی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو ڕوونیكردەوە كە: پێشتر ئەم نەخۆشییە تەنها لە ئەفریقا بوو ئێستە نەخۆشییەكە لە دەرەوەی ئەفریقاش بڵاو بوەتەوە، ئەم نەخۆشییە زۆربەی لە گەنجان بەدەر دەكەوێت، بە تایبەت ئەوانەی هاوڕەگەزبازن یان بەرگری جەستەیان لاوازە ( نەخۆشانی شێرپەنجە، پرۆستات، ئەیدز….) ئەوانە مەترسی زیاتری توشبوونیان لەسەرە، ڕێژەی مردن لەسەدا سێ بۆ شەشە.
د. دەشتی دزەیی گوتیشی: تا ئێستە ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بەڵام پێشبینی كراوە بڵاو بێتەوە بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەكی گوازراوەیە، نیشانەكانیشی بریتییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و ئازاری ماسولكە و ئارەقكردنەوە، سەرئێشە و گیرانی لووت و پاشان قۆناغ بە قۆناغ زیبكە لە جەستەی پەیدادەبێت، سەرەتا سووردەبێتەوە پاشان بڵند دەبێت و دواتر وەك جەراعات دەردەكەوێت، بەڵام خۆشبەختانە دواتر هیچ ئاسەوارێكی نامێنێت.

ھەواڵی زیاتر