پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

هەندێک دەرمان لە ڕێگای ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێن و ڕێگەپێدراو نین

ماكوان عیزەت – هه‌ولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی دەرمان ڕایگەیاند، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ مەبەستی درێژكردنی باڵا، بەچڕی رێكلام بۆ بەرهەمێكی ساختە دەكرێت بەناوی پاودەری هایت – height growth كە گوایە بۆ مەبەستی درێژكردنی باڵا یە و بەرهەمێكی ساختە و ڕێ پێنەدراوە، ماددەی شاراوە و مەترسیداری تێدایە كە مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی بەكارهێنەر دروست دەكات.

هەفتەی ڕابردووش بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، ڕایگەیاند دوای ئەوەی كە لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی عێراق ئاگادار كرابوونەوە لەوەی كە بەرهەمێكی چای خۆ لاوازكردن بەساختە بەرهەمهێنراوە و لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان نیاز وایە ساغ بكرێتەوە، لە هەڵمەتێكی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانرا دەست بەسەر بڕێكی زۆری ئەو چایە بگرێت.
د. گۆڤەند شێروان بەڕێوبەری چاودێری بازگەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم داوا لە هاووڵاتیان دەكات بۆ كڕینی هەر بەرهەمێك لە دەرمانخانەی فەرمی وەریبگرن، دوای ئەوەی كە دەرمانەكەشی كڕی دڵنیابێتەوە لەوەی كە دەرمانەكەی ستیكەری فەرمی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی پێوەیە تا دڵنیابێت لە ڕەسەنی و دروستی بەرهەمەكە، هەر بۆیە ئەم جۆرە بەرهەمانە ئەگەر هاتوو هاووڵاتیان بەكاریان هێنا و دەرمانی ساختەبن ئەوا دوچاری چەندین جۆر كاریگەری لاوەكی دەبنەوە.
بەڕێوبەری چاودێری بازگەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان دەشلێت: بەشێكی ئەو جۆرە بەناو بەرهەمە گیایانەی دەفرۆشرێت پاش پشكنین بۆمان دەركەوتوە كە خەنە یان خورمای هاڕاوبوون، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەم بەرهەمانە بەیەكجاری بنبڕبێت ئەوا هاووڵاتی خۆی بڕیاردەدات، هەربۆیە ئەگەر بێت و بیانەوێت بەرهەمێكی پزیشكی و دەرمانسازی بكڕن ئەوا دەبێت لە دەرمانخانە فەرمییەكان بیكڕن، لە ناو دەرمانخانەكەش دڵنیابنەوە لەوەی كە بەرهەمەكە ستیكەری پێوەیە.