نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون چییە و نیشانەکانی چین؟

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە فەرمی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی mpox کە ناسراوە بە ”ئاوڵەی مەیموون” راگەیاند و سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: پێویستە تەندروستیی وڵاتان رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە تووند بکەن.

دوای ئەمەش یەکەم تووشبووی نەخۆشییەکە لە سوێد تۆمارکرا، ئێستا بەنێو وڵاتانی ئەورووپاشدا بڵاوبووەتەوە و بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، ئەمساڵ زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ”ئاوڵەی مەیموون” تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.

لەم بارەیەوە سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: “تائێستا هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی ‘ئاوڵەی مەیموون’ لە عێراق تۆمارنەکراوە؛ هەوڵەکانمان بۆ دەستنیشانکردن و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەتایە خستووەتەگەڕ.”

 نەخۆشیی ”ئاوڵەی مەیموون” چییە؟ 

نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.

رێگەکانی گواستنەوەی ”ئاوڵەی مەیموون”

– بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو

– دەستلێدان 

– ماچکردن

– سێکسکردن

– بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو

نیشانە و لێکەوتەکانی ”ئاوڵەی مەیموون”

– تا و بێهێزی

– پەڵەی پێست

– سەرئێشە

– ئازاری ماسوولکەکان

– ئاوسانی لیمفەگرێیەکان

– هەوکردنی تووندی سییەکان

– هەوکردنی مێشک 

– ژەهراویبوونی خوێن

رێگەکانی پێشگیریکردن لە ”ئاوڵەی مەیموون”

– وەرگرتنی ڤاکسین 

– دەستشۆردنی بەردەوام

– دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە

– دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو

– ئەنجامدانی سێکسی تەندروست

ھەواڵی زیاتر